قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێم دەگاتە 88 ملیار دۆلار

مەودا میدیا-
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت” قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی 88 ملیار دۆلار و نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوونیش دابەزیون”.

یاسین مەحمود رەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند” لەم ساڵانەی دواییدا بە نزیكەی 345 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان درووستكراون و كۆی ئەو پارەیەشی كە تیایدا خەرجكراوە دەگاتە نزیكەی 34 ملیار دۆلار”.

وتیشی” بەشی زۆری ئەو پرۆژانەی كە درووستكراون میدیەم كۆست و های كۆستن و ئەو پرۆژانەش زۆر بە كەمی یارمەتی گەنجان و خەڵكی كەمدەرامەت دەدات ببنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان، چونكە نرخەكانیان بەرزن یان زۆر بەرزن، جگە لەوەش هەم پێشەكی زۆرە و هەم قیستی مانگانەش”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” سەرەڕای ئەوەش ئێستا بەشێكی زۆری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پێشەكی و نرخیان دابەزاندووە و بەگشتی نرخی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون دابەزیوە”.

باسی لەوەشكرد” قەبارەی وەبەرهێنان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان بە پرۆژەكانی نیشتەجێبوونیشەوە تا ئێستا نزیكبووەتەوە لە 88 ملیار دۆلار”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان