مهودا میدیا-
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمجار بە فەرمی وردەکاریی سەرەتایی مەراسیمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکەیان ئاشکرا کرد.
کاتی مەراسیمەکان
محەممەد ئەمین تەبەکولی زادە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی تاران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری رایگەیاند “مەراسیمی تەرم بەڕێکردن بە ئەگەرێکی زۆر لە کۆتایی مانگی زیلحەجە و سەرەتای مانگی موحەڕەم، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مەراسیمەکانی عاشورادا بەڕێوەدەچێت”.
وتیشى “ئامادەکارییەکان سێ ناوەندی سەرەکی لە تاران، قوم و مەشهەد دەگرێتەوە، لە کاتێکدا سوپای پاسداران بەرپرسیاری رێکخستنی گشتیی مەراسیمەکەیە”.
تەبەکولی زادە ئاماژەی بەوە دا کە سێ رۆژ بۆ “ماڵئاوایی میللی” تەرخان کراوە و دواتر نوێژی مردوو و مەراسیمی فەرمیی تەرمبەڕێکردن بەڕێوەدەچێت، هێشتا شوێنی فەرمیی نوێژەکە لە نێوان موسەڵای تاران و مەزارگەی ئیمام خومەینیدا یەکلایی نەکراوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکان، خامنەیی بەگوێرەی وەسێتی خۆی لە شاری مەشهەد و لە نزیکی مەزارگەی ئیمام رەزا بەخاک دەسپێردرێت، ئەو شوێنە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە ئایینییەکانی شیعە لە ئێران.
دەسەڵاتدارانی تاران پێشبینی دەکەن لە نێوان 15 تا 20 ملیۆن کەس لە جەماوەر و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی بەشداریی مەراسیمەکان بکەن، بۆیە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ شارەکانی دەوروبەری تاران ئەنجامدراوە.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت شاند و کەسایەتیی سیاسی و ئایینی لە چەندین وڵاتدا بەشداریی مەراسیمەکە بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لیستێکی فەرمی سەبارەت بە میوانە دەرەکییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
شایهنى باسه، عەلی خامنەیی لە 28ی شوباتی ئهمساڵ لە میانی یەکەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمهریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی راستەوخۆی نێوان هەردوولا، لە تەمەنی 8 ساڵیدا کوژرا.
ع