مەودا میدیا-
راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رایدەگەیەنێت” یەدەگی دەرەكی عیراق لە ئاستێكی تاڕادەیەك سەلامەتدا ماوەتەوە و پاراستنیشی بایەخێكی گرنگی بۆ عیراق هەیە”.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە” سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كۆی یەدەگی عیراقی بە نزیكەی 79.2 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2026 خەمڵاندووە، بەپێی خەمڵاندنەكانی ساڵی 2025، هاوتایە لەگەڵ نزیكەی 9.6 مانگ لە هاوردەكردنی كەلوپەل و خزمەتگوزارییەكان”.
باسی لەوەشكرد” ئەو دابەزینەی كە لە یەدەگەكاندا تۆماركراوە لە ماوەی ئەمساڵدا پێویستی بە زیادكردنی وریایی و چاودێریكردن هەیە، نەك لەبەرئەوەی گەیشتوونەتە ئاستێكی گرنگ، بەڵكو لەبەر نیگەرانی لەوەی رەنگە رەوتی دابەزین بەردەوام بێت و پەراوێزی سەلامەتی لە داهاتوودا كەمبكاتەوە”.
روونیشیكردەوە” یەدەگی دەرەكی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی نرخی دیناری عیراقی و بەرگری دەكات لە بەرامبەر فشارەكانی سەر دراو، لە رێگەی توانای بانكی ناوەندییەوە بۆ دابینكردنی دۆلار و دابینكردنی خواستی رەوا بۆیان، بەمەش بەشدارە لە پاراستنی سەقامگیری و گەشەی گشتی”.
ئەوەشی ئاشكراكرد” پشتبەستنی زۆر بە داهاتی نەوت تا ئێستاش یەكێكە لە سەرچاوە دیارەكانی مەترسی، بەو پێیەی هەر كەمبوونەوەیەكی داهاتی نەوت دەبێتە هۆی دابەزینی داهاتی گشتی و خەرجییەكانی حكومەت و هاتنی دراوی بیانیش دەتوانێت فشار لەسەر یەدەگەكان زیاد بكات و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو ناسەقامگیر بكات”.
ئ پ