تا چوار رۆژی دیكە بارانبارین بەردەوام دەبێت

مەودا میدیا-
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایانی كەشناسی لەمڕۆوە تا رۆژی هەینی لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ناوبەناو بارانبارین بەردەوام دەبێت.

پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند” شەپۆلێكی نوێی بارانبارین رووی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و لەمڕۆ سێشەممەوە تا رۆژی هەینی ناوبەناو بارانبارین لە بەشی زۆری ناوچەكانی هەرێم بەردەوام دەبێت”.

وتیشی”لەو ماوەیەدا هەندێك كات بارانی بەخوڕ دەبارێت لەگەڵ روودانی هەورەگرمە و هەورەبروسكە و بارینی تەرزەش لە هەندێك ناوچە كە ئەگەری ئەوە هەیە تەرزەی بەهێز ببارێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”رۆژانی پێنجشەممە و هەینی نزمەپەستانێكی قووڵ روودەكاتە ناوەڕاستی عیراق و بەهۆیەوە شەپۆلێكی سەرمای بەهێز ناوچەكە دەگرێتەوە و لەگەڵیشیدا خێرایی با چالاك دەبێت كە بە نزیكەیی 30 بۆ 70 كم دەبێت لە كاتژمێرێكدا”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان