مەودا میدیا-
دوای هێرشی ئێران بۆ سەر كەشتییەكی بازرگانی لە گەرووی هورمز، ئەمەریكا وەڵامی هێرشەكەی دایەوە و بەوەش ئەو ئاگربەستە شكێنرا كە لە نێوان هەردوولا راگەیەنرابوو.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بە رەسمی شكاندنی ئاگربەستەكەی لەلایەن ئێرانەوە راگەیاند و وتی” ئێران هێرشی كردووەتە سەر كەشتییەكی بارهەڵگر لە گەرووی هورمز”، هەر بۆیەش لە وەڵامی ئەو هێرشەدا سوپای ئەمەریكا هێرشی كردە سەر چەند پێگەیەكی كۆماری ئیسلامی ئێران.
بەپێی زانیاری میدیا ئێرانییەكان، ئەمەریكا لە هێرشەكەدا لە رێگای درۆنەوە چەند پێگەیەكی مووشەكی بالیستیكی و كەرەستەی سەربازیی و پێگەی راداری ئێرانی بۆردومان كردووە.
لە لایەكی تریشەوە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا لە رێگای میدیای رەسمی وڵاتەكەیانەوە رایانگەیاندووە”هێرشەكانی شەوی رابردووی وڵاتەكەیان بۆ سەر دامەزراوەكانی ئێران، وەڵامێك بووە بۆ هێرشەكانی ئەو وڵاتە و شكاندنی ئاگربەست لە گەرووی هورمز”.
بە هۆی ئەو هێرشانە و شكاندنی ئاگربەستیشەوە، لە بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا نرخی غاز بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە بەهۆی ترس لە دووبارە داخستنی گەرووی هورمز و دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنییەوە.
ئ پ