ناتۆ ئامادەكاری بۆ جەنگێكی گەورە دەكات و چیتر پشت بە ئەمەریكاش نابەستێت

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڕیارە هەفتەی داهاتوو مارك روت، سكرتێری گشتیی ناتۆ فشارەكان لەسەر كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری چەكی ئەوروپی چڕتر بكاتەوە بۆ زیادكردنی وەبەرهێنانەكانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، لەكاتێكدا هاوپەیمانییەكە هەوڵدەدات توانا سەربازییەكانی كیشوەرەكە بەهێز بكات و پشتبەستن بە ئەمەریكا كەمبكاتەوە.

بڕیارە مارك روت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرگری ئەوروپا لە برۆكسل كۆببێتەوە و داوایان لێبكات بە خێرایی هەنگاو بنێن و زەمینەسازی بۆ كۆبوونەوەی ساڵانەی ناتۆ لە ئەنقەرە لە مانگی تەمموزدا دابنێن.

پێش كۆبوونەوەكەش داوا لە كۆمپانیاكان كراوە كە زانیاری دەربارەی وەبەرهێنانە گەورەكان و تواناكانیان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان بگۆڕنەوە، بە تایبەتی گرنگیدان بە بوارەكانی وەك بەرگری ئاسمانی و مووشەكی دوور مەودا.

بڕیارە چەند كۆمپانیایەكی گەورەی بەرهەمهێنانی چەك لە كیشوەرەكەدا، لەوانە كۆمپانیای ڕین میتاڵ، سەفران، ئەیرباس، ساب، ئێم بی دی ئەی و لیۆناردۆ نوێنەری خۆیان بۆ كۆبوونەوەكە بنێرن.

بەپێی هەمان راپۆرتی رۆژنامەكە، ئامانجی ئەم زیادكردنە لە وەبەرهێنانانی چەك، كەمكردنەوەی پشتبەستنی كیشوەرەكەیە بە ئەمەریكا لە كاتێكدا نیگەرانییەكانی ناتۆ لەو وڵاتە لە زیادبووندایە.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە ساڵانی رابردوودا كۆمپانیاكانی چەك و وەزارەتەكانی بەرگری ئەوروپا ناكۆكی قووڵ لە نێوانیاندا هەبوو لەسەر هۆكاری كەمی بەرهەمی سەربازی كیشوەرەكە، كۆمپانیاكان حكومەتەكانیان تۆمەتبار كردووە بەوەی گرێبەستی كڕینی درێژخایەنیان واژۆ نەكردووە، لەكاتێكدا وڵاتان دەڵێن” كەرتەكە نەیتوانیوە توانای بەرهەمهێنان بە خێرایی پێویست زیاد بكات”.

لە كاتێكدا گروپە ئەوروپییەكان هەنگاویان ناوە بۆ چارەسەركردنی كەمیی تەقەمەنی، بەڵام بەدەستهێنانی مووشەكی دوور مەودا ئێستا یەكێكە لە كێشە هەرە زەقەكان كە رووبەڕووی پایتەختەكانی ئەوروپا دەبێتەوە. بەرلین هەوڵی كڕینی مووشەكی تۆماهۆكی ئەمەریكی دەدات بۆ بەهێزكردنی بەرگرییەكانی بەرامبەر رووسیا، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات كە پنتاگۆن پلانەكانی بۆ جێگیركردنی سیستەمەكانی خۆی لەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە.

لە سەرەتای مانگی ئایاردا، پنتاگۆن پلانی كشانەوەی پێنج هەزار سەربازی لە ئەڵمانیا راگەیاند، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ناكۆكی لە نێوان ترەمپ و فریدریش مێرز، راوێژكاری ئەڵمانیا لەسەر شەڕ لەگەڵ ئێران دروستبووە.

شارەزایانی سیاسی ئەوروپا دەڵێن” ئەمە بانگەوازێكی نوێی بەئاگابوونەوەیە بۆ ئەوروپییەكان سەبارەت بە پێویستی بەرزكردنەوەی خێرای تواناكانی بەرهەمهێنانی چەك و وازهێنان لە پشتبەستن بە ئەمەریكا.

هەربۆیەش بەرپرسانی ناتۆ دەڵێن” هەوڵدەدەن رێككەوتنە سەرەكییەكان لەو بوارە گرنگانەدا كۆتایی پێبهێنن كە سوپای ئەوروپا زۆر پشت بە ئەمەریكا دەبەستێت، وەك بەرگری ئاسمانی و مووشەكی دوورمەودا و توانای هەواڵگری و چاودێری وەك مانگە دەستكردەكان.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان