مەودا میدیا-
جێگری سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە ئاشکرایکرد دوو هەزار و 800 سزادراو و زیندانی پەکەکە لە یاساکە سوودمەند دەبن، بەڵام جێبەجێکردنەکەی پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان، رادەستکردنی چەکەکان و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە.
فەتی یڵدز، جێگری مەهەپە رایگەیاند “چوار هەزار و 897 سزادراو و راگیراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە گرتووخانەکانی تورکیا زیندانی کراون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەوانەی تاوانی کوشتنیان کردووە، تەقەیان لە سەربازان کردووە یان بۆمبیان بۆ هاوڵاتییان داناوە، هەروەها ئەوانەشی بە زیندانیی هەتاهەتایی دادگایی دەکرێن، ناتوانن سوود لە یاساکە وەربگرن”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەوانەی سزای تاوانەکەیان تاوەکو 15 ساڵ بێت، سزا، لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنەکەیان بۆ پێنج ساڵ دوادەخرێت، ئەگەریش سزاکە لە 15 ساڵ زیاتر بێت، بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت”.
ب ح