ئیسرائیل بەرپرسی “دەزگای سیخوڕیکردن”ی ئێرانی کوشت و دەڵێت “هیچ سەرکردەیەک پارێزبەندیی نییە”

مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، ئیسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانی راگەیاند لە رێگەی هێرشی فڕۆکەکانیانەوە کەوا کردیانە سەر تاران.

لێدانێکی قورس بوو بۆ تاران

ئیسماعیل خەتیب، ساڵی ١٩٦١ لە رۆژهەڵاتی ئێران لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە روویکردووەتە بواری خوێندنی ئایینی و لە حەوزەی زانستیی قوم خوێندوویەتی؛ کە رێگەیەکی گرنگە بۆ پێگەیاندنی پیاوانی ئایینی و ئەو دەستەبژێرانەی لە داهاتوودا دەبنە کارەکتەرە گرنگەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

خەتیب، لە کەسە توندڕەو و پەیوەستەکان بوو بە سیستمی فەرمانڕەوایی ئێران، هەروەها ساڵی ٢٠٢١ بووە جێگرەوەی مەحمود عەلوی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لەو کاتەدا.

هاوکات بە یەکێک لە کەسایەتییە نزیک و جێگە متمانەکانی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرا، کوشتنی زیانێکی گەورە بوو بەو وڵاتە “وەکوو بەرپرسەکانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بۆ دەکەن”.

“پەیوەندییەکی قووڵ و فراوانی هەواڵگریی هەبوو”

خەتیب بەوە ناسرا بوو پەیوەندییەکی قووڵ و فراوانی هەواڵگریی هەبوو لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا، هەروەک بەشدارییەکی کاریگەری لە شەڕی عیراق- ئێراندا هەبوو پێش ئەوەی بچێتە بواری ئەمنی و هەواڵگرییەوە.

کاتز: خەتیب-مان کوشت

ئیسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦ رایگەیاند ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێرانیان لە هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەکانیاندا کوشتووە، ئەوەیش بە زەبرێکی کوشندە دادەنرێت لەو وڵاتەیان داوە.

خەتیب، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لەناو دەزگای سیخوڕیکردنی ئێراندا هەبوو، هەروەها یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ژێرخانی ئەمنی سوپای پاسدارانی ئێران و چەند پۆستی گرنگی لەو بوارەدا هەبووە.

“ساڵی ٢٠١٠، خەتیب لە نووسینگەی تایبەتی رێبەری باڵای ئێران دامەزراوە و جێگەی متمانە و خاوەن پێگەیەکی تایبەت بووە”، “یەکێک بووە لەو کەسانەی بەنهێنی بەشدار بووە لە پرۆسەی بڕیارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران”،  بەپێی زانیارییە تایبەتەکان.

دواتر پۆستی سەرۆکی ناوەندی ئەمنی لە دامەزراوەی دادوەریی ئێران وەرگرتووە کە تایبەت بووە بە پارێزگاریکردن لە زانیارییە تایبەت و گرنگەکان، ساڵی ٢٠٢١ و لە سەردمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کراوەتە وەزیری ئیتلاعاتی ئێران.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران لە پێکهێنانی حکومەتەکەیدا متمانەی پێکردەوە و لە پۆستەکەیدا داینایەوە.

خەتیب، کەسێتییەکی لەنێوان بەرپرسیارێتیی ئەمنی، سیاسی و ئایینیەکەیدا دروستکردبوو، کاریگەرییەکەیشی درێژبووەوە بۆ ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و جێگەی متمانەی هەمووان بوو.

ئیسرائیل: هیچ سەرکردەیەک پارێزبەندیی نییە

لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران لە رۆژی ٢٨ی تشرینی ٢٠٢٦وە، ژمارەیەک سەرکردەی دیاری ئێران کوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا، محەمەد باکبوور، فەرماندەی سوپای پاسداران، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و عەزیز نەسیرزادەی وەزیری بەرگری، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و دەیان سەرکردەی باڵای دیکە.

ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستدا هەڕەشەی کردووە و دەڵێت “هیچ سەرکردەیەکی ئێران پارێزبەندیی نییە و هەمووان دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن”.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان