باقرخان: پێویستە سەپاندنی قەیوم هەڵبوەشێتەوە

مەودا میدیا-

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ئاشکرایکرد لە رێگەی یاسای چوارچێوەوە نزیکەی چوار هەزار کەس لە زیندانەکان ئازاد دەبن، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن دەگەڕێنەوە، یاساکە پرسی کورد لە زەمینەی شەڕەوە دەگوازێتەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی، پێویستە لەم پرۆسەیەدا سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن.

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی دەمپارتی رایگەیاند “نابێت چیتر دەوڵەت و دەسەڵات، نکۆڵی لە زمان و ناسنامەی کورد بکەن و وەک هەڕەشە سەیری بکەن، پێویستە سەپاندنی قەیوم لەسەر ئیرادەی هەڵبژاردنی گەلی کورد هەڵوەشێتەوە، هیچ کەسێک بەهۆی بیروبۆچوونەکانییەوە نەخرێتە زیندانەکانەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوای 100 ساڵ لە مێژووی پەرلەمانی تورکیا، بۆ یەکەمجار پرسی کورد لەسەر زەمینەیەکی یاسایی تاوتوێ دەکرێت، بۆ یەکەمجار یاسایەک بۆ پرسی کورد دەرکرا، بێ ئەوەی باسی ناوەڕۆکەکەی بکەن، پرسی کورد کە دەوترا (کورد بوونی نییە) ناسنامەکەی رەتدەکرایەوە، ئێستا یاسایەک لەبارەی ئەم پرسەوە دەرچوو، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە، سەرەڕای هەموو کەموکووڕییەکانی. بە لای ئەوانەوە دەبێت هەمووکەس ئەم گرنگییە ببینێت”.

ئەوەشی خستەڕوو ” یاسای چوارچێوە، یاسایەک نییە کە پرسی کورد بە هەموو لایەنەکانییەوە چارەسەر بکات، بەڵکوو تێپەڕینە لە زەمینەی شەڕەوە بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی، ئەمە یاسای دەسپێکە و دەرگایەک بەڕووی چارەسەردا دەکاتەوە، یەکەمجارە لە مێژووی کۆماردا پرسی کورد دەهێنرێتە پەرلەمان، ئەمەش گرنگە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان