سەندیكای پارێزەرانی عیراق ئەندامێتی ناداتە پارێزەرانی دانیشتووی هەرێم

مەودا میدیا-
لە بڕیارێكی نوێدا و لەسەر داوای سەندیكای پارێزەرانی هەرێم، ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی عیراق بڕیاریدا داواكاری ئەندامێتی لەو كەسانە وەرنەگرێت كە دانیشتووی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن.

بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی عیراق كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، بڕیاردراوە وەرگرتنی داواكاری ئەندامێتی لەو كەسانە رابگرێت كە دانیشتووی هەمیشەیی ناوخۆی هەرێمی كوردستانن، بە تایبەتی لە پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، بەڵكو دەتوانن تەنها لە سەندیكای پارێزەرانی هەرێمی كوردستان داوای ئەندامێتی بكەن بە پشتبەستن بە شوێنی نیشتەجێبوونیان.

ئەم بڕیارەش دوابەدوای نوسراوی ژمارە (4460)ی سەندیكای پارێزەرانی هەرێمی كوردستان دێت كە رۆژی 19ی ئابی 2026، ئاراستەی سەندیكای پارێزەرانی عیراقی كردووە و لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی نێوان هەردوولا كراوە.

ئەنجومەنەكە جەختی لەوە كردووەتەوە” كارتی نیشتەجێبوونی رەسمی تاكە پێوەر دەبێت بۆ دیاریكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و پشتڕاستكردنەوەی نیشتەجێبوون”.
باسی لەوەش كردووە” بڕیارەكە بە ئامانجی رێگریكردنە لە دەربازبوون لە رێكارەكانی ئەندامێتی و پێشێلكردنی یاساكانی ئەندامێتی لە هەردوو سەندیكای پارێزەرانی عیراق و هەرێم”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان