مەودا میدیا-
پسپۆڕێکی بواری دارایی و بانک ئاشکرایکرد پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2027، بەشێوازی ساڵانی رابردوو (بودجەی بڕ) نابێت بەڵکو (بودجەی بەرنامە و ئەنجام) دەبێت.
گوڵاڵە سدیق، پسپۆڕی دارایی و بانک بە مەودا میدیای راگەیاند “بودجەی بەرنامە و ئەنجام شێوازێکی هاوچەرخی ئامادەکردنی بودجەی دەوڵەتە کە تێیدا تەرخانکردنی دارایی راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە (ئامانج، چالاکی، و ئەنجامی بەرچاو) واتە وەک ساڵانی رابردوو بودجەی بڕ نابێت کە بڕە پارەیەک بۆ وەزارەتێک تەرخان دەکرا، وە تەنها گرنگی بە لیستی خەرجییەکان (وەک مووچە و پێداویستییەکان) دەدرا بەبێ بەدواداچوون بۆ ئەنجامی ئەو کارانەی کە وەزارەتەکە ئەنجامی داوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “له شێوازە کۆنەکەدا (بودجەی بڕ) تەنها پرسیار لەوە دەکرا (چەند پارە خەرج کراوە؟) بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا کارەکە بەباشی کراوە یان نا، بەڵام لە سیستمە نوێیەکەدا پرسیارەکە ئەمەیە ئەم پارەیە چ ئەنجامێکی بەدەستهێناوە و چ کێشەیەکی چارەسەر کردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بودجەی بەرنامە و ئەنجام”:
1-ـ بەستنەوەی پارە بە ئەنجامەوە: هەر تەرخانکردنێکی دارایی پێویستی بە دیاریکردنی ئامانجێکی روون هەیە (بۆ نموونە: دروستکردنی 10 خوێندنگە لە پارێزگایەک، یان قیرتاوکردنی 50 کیلومەتر رێگا).
2ــ پێوەری هەڵسەنگاندن: بەکارهێنانی پێوەری بەدیهێنانی ئامانجەکان بۆ زانینی ئەوەی ئایا دامەزراوەکان گەیشتوونەتە ئامانجەکانیان یان نا.
3ــ زیادکردنی شەفافیەت: هاوڵاتییان و پەرلەمان بە روونی دەبینن کە پارەی گشتیی بۆ چی خەرجکراوە و چ دەستکەوتێکی هەبووە.
4ــ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان: رێگری دەکات لە تەرخانکردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژانەی کە خزمەتگوزاری یان بەرئەنجامی کردارییان نییە.
باسی لەوەشکرد “گرفتی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم سستمە پێویستی بە کادر و کارمەندی راهێنراو و پسپۆڕ لە بواری شیکاریی دارایی و پلانداناندا هەیە، هەروەها پێویستی بە سستمێکی ئاماری بەهێز و ورد هەیە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان”.
ب ح