عیراق یەكسانكردنەوەی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران جێبەجێ‌ ناكات

مەودا میدیا-
وەزارەتی پلاندانانی عیراق دووپاتی كردەوە كە خەمڵاندنی بۆ تێچووی دارایی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پێوەری یەكگرتووی مووچەی فەرمانبەران پێشكەش كردووە، بەڵام دۆخی دارایی و یاسا تایبەتەكانی بەڕێوەبردنی قەوارە جیاوازەكان رێگرن لە یەكلاكردنەوەی پێوەرەكە.

ماهر حەماد، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی پلاندانان بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە “جێبەجێكردنی پێوەرەكانی مووچەی یەكگرتوو رووبەڕووی دوو كێشەی بنەڕەتی دەبێتەوە، كە یەكەمیان كێشەی داراییە، چونكە یەكخستنی مووچە خەرجی زیادە بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ دەستكاریكردنی مووچەی پلە نزمەكان بە تایبەتی پلەكانی شەش تا 10، نەك كەمكردنەوەی مووچەی پلە بەرزەكان”.

وتیشی “دۆخی دارایی ئێستا رێگە بە دەوڵەت نادات ئەم پابەندبوونە داراییە ئەنجام بدات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی راگرتنی زیادكردنی ساڵانە و بەرزكردنەوەی پلە بۆ كارمەندان لە سەرانسەری وەزارەتەكان و دەزگاكانی حكومەت بەهۆی دەرنەكردنی یاسای بودجە”.

ئاماژەی بەوەشكرد “كێشەی دووەم پەیوەندی بە ململانێی یاساییەوە هەیە كە لە یاسای تایبەتەوە سەرهەڵدەدات كە هەندێك لە وەزارەتەكان یان دەزگاكان بەڕێوەدەبەن وەك وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا، كاروباری دەرەوە و كارەبا كە ئیمتیازاتی تایبەت دەدەن، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی یاسایی هەیە بۆ هەمواركردنەوەی رێساكان”.

باسی لەوەش كرد “نایەكسانی سەرەكی لە مووچەی بنەڕەتیدا نییە، بەڵكو لە دەرماڵەكاندا هەیە كە دەتوانێت دوو هێندە مووچەی بنەڕەتی زیاد بكات، بۆیە چارەسەركردنی كێشەكە پێویستی بە پێداچوونەوەی گشتگیر هەیە بە تەواوی پێكهاتەی دەرماڵەكاندا”.

جەختیشی لەوەش كردەوە “هەمواركردنەوەی پێوەرەكانی مووچە لە ئێستادا ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت، بەڵام بڕیاری كۆتاییش لە ئەستۆی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەراندایە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان