وادەی هاتنی چلە و گەرمای بەهێز ئاشکراکرا

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسی و گەردوونناسی ئاشکرایکرد چلەی هاوین بەپێی دوو بۆچوونی جیاواز دەستپێدەکات و کۆتایی دێت، کە ئەوانیش بەپێی وتەی پێشینان و نەریتی کوردی، چلەی هاوین لە رۆژی 17ی تەموز دەستپێدەکات و تاوەکو 25ی ئاب بەردەوام دەبێت، کە ماوەی 40 رۆژە و لەم بۆچوونەدا کۆتایی هاوین لە 20ی ئەیلول دادەنرێت، دووەم: بەپێی یاسای فەلەکی و گەردوونناسی، چلەی هاوین لە رۆژی 18ی تەموز دەستپێدەکات و تاوەکو 26ی ئاب بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەم بۆچوونەش هاوین لە 22ی ئەیلول کۆتایی دێت و 23ی ئەیلول یەکەم رۆژی پایزە.

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و گەردوونناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “وەرزی هاوین لە ساڵی 2026دا لە رۆژی 21ی حوزەیران کاتژمێر 11:24ی پێش نیوەڕۆ دەستیپێکردووە و ماوەی هاوین بەپێی فەلەکی 93 رۆژ و 15 کاتژمێرە، بەڵام بەپێی وتەی پێشینان ماوەی هاوین 92 رۆژە لە 21ی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ی ئەیلولە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەردوو دوو مانگی تەموز و ئاب هەر یەکەیان 31 رۆژن و گەرمترین مانگەکانی ساڵن کە پلەکانی گەرما زۆر بەرزدەبنەوە و دەگاتە نزیکەی 48 پلەی سەدی یان زیاتر، بەتایبەت لە ناوچە نزم و پێدەشتەکان”.

ئەوەشی خستەڕوو ” قیر و کونکرێت، هەروەها دووکەڵی کارگەکان و چەندین دروستکراوی کۆن و نوێ یان بەکارهاتوو کە رۆژانە بۆ جوڵەی ژیان بەکاردێن، لەگەڵ زۆربوونی ئۆتۆمبێل، کاریگەری ماددەی رووپۆش و دەردانی دووکەڵ و گەرمی دەبێتە هۆی قەتیزبوونی هەوا و دەرنەچوونی گەرمی لەسەر شارەکان، ئەمەش وا دەکات پلەکانی گەرما لە پێشووتر زیاتر بەرزبنەوە، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا، کە جیاوازیی پلەی گەرمایان لەگەڵ ساڵەکانی خوار 2000، زیاتر بووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان