مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد نۆ ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەکجارەکی رابەری نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال تێپەڕدەبێت و ئەمڕۆ لەهەر کاتێک زیاتر بەها مەزنەکانی کە تێکۆشانی لەپێناودا کرد، وەک رێگای درەوشاوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عیراق دووپات دەبێتەوە، رێگای سەرکەوتنی وڵاتێکی دەستووری و فیدراڵی کە هاوبەشی و هاوسەنگی حکومڕانی ڕێنوێنی خەباتی سیاسییان بێت.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “سەرۆک مام جەلال بە بەرچاو روونی وتێگەیشتنێکی قووڵەوە لە هەموو قۆناغەکانی گۆڕانکاریی سیاسی ناوچەکە و جیهان ، نزیکەی حەوت دەیەی لە تەمەنی پڕ بەرەکەتی خۆی لە خەباتێکی هەمەلایەنەی حزبایەتی ، فیکری ، روناکبیری و پێشمەرگایەتی، بەتایبەتیش لە رێبەرایەتی کردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، ئینجا لەسەرخستنی ئەزموونی کوردستان و لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقیش لە رەگداکوتینی بناغەی وڵاتێکی دەستووریدا خستەگەڕ”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ترۆپکی ئەم خەباتە درێژخایانەشدا مام جەلال وەک یەکەم پێشمەرگەو یەکەم رابەری دیموکراتی، سەرۆکایەتی کۆماری عیراقی فیدراڵی گرتەئەستۆ و بووە پارێزەری دەستووریی لە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان، بووە سەممام ئەمانی وڵاتێک کە سەرەنجام بەسەر دژوارییەکانی حوکمی دیکتاتۆریی زاڵ دەبێت و ڕوو لە سیستمێکی پەرلەمانی و حکومەتێکی سەربەخۆ و فیدرال دەکات، بە جۆرێک هەتا ئەمڕۆش ئەندێشە مەزنەکانی سەرۆک مام جەلال ستوونی پتەوی ئەزموونەکەمان و بەردی بناغەی ئەم پرۆسە سیاسییەی عیراقیشە”.

ئەوەشی خستەڕوو “بێگومان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی هەم شانازیی بەم پێگە سەربەرزەی سەرۆک مام جەلالەوە دەکات و هەمیش وەفاداری درێژەپێدانی کەلتورەکەیەتی لە هەلومەرجی تازەی ناوچەکەدا. بۆیە سەر لەنوێ پابەندبوونی خۆی بەو ڕێبازە ئاوەدانە دووپات دەکاتەوە کە تێکۆشانی گەلی کوردستانی پایەدار کرد، عیراقی لە دیکتاتۆری رزگارکرد و نەخشەڕێی چارەسەری دەستووری کێشەکانی داڕشت، بە کێشەی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستانیشەوە، بەتایبەتی کەرکوک ، وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان