مهودا میدیا-
میدیاى ئێران بڵاویكردهوه، ئەمڕۆ سێشەممە، عەسیم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان، کە وڵاتەکەی ناوبژیوانی ململانێی نێوان ئێران و ئەمهریکایە، به سهردانێكى خێراو كتوپڕ گەیشتە تاران.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە چەقبەستوویی دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتۆندا هەیە و هەردوولا بە توندی هەڵوێستەکانیان گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز.
رۆژی دووشەممە، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمهریکای بە هۆکاری “نائەمنی” لە گەرووەکەدا زانی، کە ئێران لە دوای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە پەکی خستووە.
ئێران زۆرجار ئەو کەشتیانە دەکاتە ئامانج کە بەبێ مۆڵەتی خۆی دەچنە ناو گەرووی هورمز، لە کاتێکدا واشنتۆن گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەپارێزێت.
ئەو ناوبژیوانە پاکستانییە رۆڵێکی زۆر چالاکانەی بینی لە داڕشتنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات، کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران واژۆ کرابوو، کە مەبەست لێی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە بوو، بەڵام بە خێرایی داڕما.
هەرچەندە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە هێرشە سەربازییەکانی ئەمهریکا بۆ سەر ئێران وەستاون، بەڵام ئهگهرى دووبارەبوونەوەی دوژمنایەتییەکان بەردەوامە لە سەر ژیانی رۆژانەی ئێرانییەکان.
ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند “ئێمە شەو و رۆژ لەگەڵ ئەم ئەگەرەدا دەژین و ناتوانین رەتی بکەینەوە، تەنانەت لەم ساتەشدا”.
سەردانەکەی سەرۆکی سوپای پاکستان بۆ ئێران رۆژێک دوای سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا دێت بۆ تاران، لە کاتێکدا مۆسکۆش هەوڵدەدات خۆی وەک ناوبژیوانێکی ئەگەری لە ململانێکاندا جێگیر بکات.
ع