مەودا میدیا-
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاشکرایکرد كۆمپانیاکان تێچووی ستیكەریان زیاد كردووە کە بووەتەهۆی گرانبوونی دەرمان و جیاوازیی نرخ لەنێوان بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا.
د.رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند “جیاوازیی نرخ لە نێوان دەرمانخانەكاندا هەیە و لە هەندێك شوێن نرخەكان زۆر بەرزن، ئەوەش بۆ كۆمپانیاكانی ستیكەر و رێكارەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی سەر دەرمانەكان دەگەڕێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم دۆخە بووەتەهۆی بڵاوبوونەوەی دەرمانی بێ ستیكەر، چونكە پڕۆسەی وەرگرتنی ستیكەری هەرێم تێچووی زۆرە، پێویستە پێداچوونەوەی خێرا بەم نرخانەدا بكرێت تاوەكو هاوڵاتییان نەبنە قوربانیی كێبڕكێی كۆمپانیاكان”.
ئەوەشی خستەڕوو “جیاوازیی لە نرخی ستیكەردا هەیە و لە هەندێك شوێن بە 30 هەزار و لە شوێنێكی تر بە 20 هەزارە، كۆمپانیا تایبەتەكان نرخەكانیان زیاد كردووە و ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر نرخی دەرمان دروستكردووە”.
ب ح