مەودا میدیا-
سەباح نوعمان، وتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئەمڕۆ هەینی جەختی كردەوە لە ئامادەكردنی پلانی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەتی خۆجێی بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان و نۆژەنكردنەوەی ژێرخان لە جورف سەخر وەك ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی.
وتیشی “پرۆسەی دووبارە بڵاوەپێكردنەوەی هێزەكان لە ناوچەكە بەپێی پلانە داڕێژراوەكە و بە رەوانی و رێكوپێكییەكی زۆر بەرزەوە بەڕێوەدەچێت، بەپێی رێكار و میكانیزمە دانراوەكان، لەگەڵ پەرۆشیی هەمووان بۆ جێبەجێكردنی تەواو و خێرای فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بەدواداچوونی بەردەوامی نووسینگەكەی.”
روونیشی كردەوە “ئەمڕۆ بەیانی بارەگای سەرپەرشتیكار لە جورف سەخر كرایەوە، و فەرماندە و هەردوو جێگرەكەی دەستبەكار بوون بەپێی پلانێكی تۆكمە كە چەندین قۆناغ لەخۆدەگرێت بۆ تەواوكردنی پرۆسەكە”.
هەروەها باسی لەوەش كرد “دیارترین بڕگەكانی پلانەكە بریتین لە سەرپەرشتیكردنی راستەوخۆی پرۆسەی بڵاوەپێكردن و خێراكردنی ئاڵوگۆڕپێكردنی یەكە نوێیەكان لە شوێنی ئەو یەكانەی پێشتر زەوییەكەیان بەدەستەوە بوو.”
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “سبەی شەممە بە رەسمی رێگای پردی فازڵییە بەرەو پارێزگای كەربەلا دەكرێتەوە و پلانەكە كردنەوەی ئەو رێگایانەش لەخۆدەگرێت كە بە پارێزگاكانی ترەوە دەبەسترێنەوە، لەوانەش رێگاكانی بەرەو عامرییە و پارێزگای ئەنبار، دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی بڵاوەپێكردن و دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكە.”
ئەوەشی خستەڕوو “هێزە ئەمنییەكان دوای تەواوكردنی كۆنترۆڵكردنی زەوی و سەقامگیربوونی ناوچەكە، دەست دەكەن بە دابینكردنی تەواوەتیی ئاسایشی ناوچەكە، بەپێی پلانێكی فراوانی بڵاوەپێكردن كە گەرەنتی نەبوونی هیچ بۆشایی یان كەلێنێكی ئەمنی دەكات”.
وتیشی “هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ چوار فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دەورووبەری ناوچەكە و فەرماندەیی بارەگای سەرپەرشتیكار و پێكهاتەكانی هەیە.”
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕپێكردنی یەكە ئەمنییەكان، نوعمان جەختی كردەوە “پرۆسەكە بەپێی رێكارە ئەمنی، لۆجستی و سەربازییە دیاریكراوەكان بەڕێوەدەچێت و فەوجی پۆلیسی وزەش دەستی بە ئەركەكانی كردووە لە كۆنترۆڵكردن و پاراستنی بۆرییە نەوتییەكانی ناو ناوچەكە، بە سەرپەرشتیی مەیدانیی راستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی وزە.”
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا “پرۆسەی گواستنەوەی كەرتی بەرپرسیارێتی لە لیوای 45ی ئێستاوە بۆ لیوا نوێیەكەی حەشدی شەعبی بە كردەیی دەستی پێكردووە، و بە رەوانییەكی بەرز و بەپێی پلانە داڕێژراوەكە بەڕێوەدەچێت.”
ئ پ