مەودا میدیا-
نووسەر و چالاکوانێکی مەدەنی ئاشکرایکرد ململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای ساڵی 2003وە یەکێک بووە لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێویستە پارتی واز لەم ململانێ بێ سوود و نا تەندروستە بهێنێ کە هەر چوار ساڵ جارێک وێنەی کورد لە بەغدا ناشرین دەکات و لە کۆتاییشدا بە دۆڕاوی لە یارییەکە دەچێتە دەرەوە.
گوڵاڵە سدیق، نووسەر و چالاکوانی مەدەنی رایگەیاند “بۆ ماوەی چەندین خول، بەپێی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو حزب، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی بوو، ئەم هاوسەنگییە تاوەکو ساڵی 2018 بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەوە پارتی بڕیاریدا بە فەرمی کاندیدی هەبێت بۆ ئەو پۆستە لە بەغدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ساڵی 2018 پارتی پێی وابوو کە ئیتر مەرج نییە ئەو پۆستە تەنها بۆ یەکێتی بێت، بۆیە (فوئاد حسێن)ی کاندید کرد، بەڵام لەناو پەرلەماندا (بەرهەم ساڵح) کاندیدی یەکێتی سەرکەوت، دیسان لە ساڵی 2022دا کێبڕکێیەکە زۆر توندتر بوو، پارتی سەرەتا (هۆشیار زێباری) و پاشان (رێبەر ئەحمەد)ی کاندید کرد، لە کۆتاییدا دیسان کاندیدی فەرمی پارتی دەرنەچوو، (لەتیف ڕەشید) پۆستەکەی وەرگرت”.
ئەوەشی خستەڕوو “لەڕووی ژمارەییەوە پارتی نەیتوانیوە کاندیدی راستەوخۆی خۆی بنێرێتە کۆشکی سەلام، لەڕووی سیاسیشەوە پارتی پێی وایە بەهۆی (هەڵکشانی دەنگەکانی) دەتوانێت پاوانی یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە بشکێنێت و بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بەغدا بخاتە دەست هاوپەیمانێتییەکان، نەک تەنها یەک لایەن، بەڵام سستمی سیاسی لە عیراق دوای ساڵی 2003وە بە جۆرێکە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و وەزیری دەرەوە بۆ پارتییە”.
باسی لەوەشکرد “پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، ئەمەش وایکردووە کە پارتی یان هەر هێزێکی تر نەتوانێت بە تەنها و بەبێ رەزامەندیی لایەنە شیعە و سوننەکان ئەو پۆستە وەربگرێت، کە زۆرجار لایەنە عیراقییەکان یەکێتی-یان بە بژاردەیەکی گونجاوتر بینیوە بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکان و ئەو سازانی نیشتمانییەی کە عیراقی دوای ساڵی 2003ی لەسەر بونیادنراوە”.
ب ح