مەودا میدیا-
سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کۆبوونەوە لەژێر فشاری زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترەمپ، هیچ گرنگییەکی نییە.
محەمەد حاجی مەحمود، سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی کوردستان رایگەیاند “باشتر نەبوو دوو ساڵ پێش ئێستا کۆببوونایەتەوە لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا، نەک ئێستا لەپێناوی بەرژەوەندیی حزبیدا و لەژێر فشاری بەغدا و عەلی زەیدیدا، بۆیە هیواخوازم یەکێتی و پارتی هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەبێت و نەچنە ژێر باری فشارەکان و خزمەتی کاربەدەستان لە بەغدا، با چاو لە حوسییەکانی یەمەن بکەن، کە بە جووتێک نەعل و کڵاشینکۆفێکەوە بەرگریی لە خۆیان دەکەن و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە سەردەکەون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لای ئەو کۆبوونەوەیەک لە ژێر فشاری زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترەمپ، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و نابێت، لە کاتێکدا ئەمڕۆ به فشاری ئەمەریکا و زەیدی، مەرزی پشتە و بەمۆ و تەوێڵە و شوشمێ، بە کورد خۆی دادەخرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “فشارەکەی ئەمەریکایە لەسەر حکومەتی عیراقی و لە هەمان کاتدا زەیدی ناوێرێت لە ترسی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەست بۆ مەرزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق ببات، بۆیە هەرێمی کوردستانی لای ئاسانتر و بێدەسەڵاتتر بوو، لە رێگای حزبەکانی دەسەڵاتەوە، مەرزی تەوێڵە و پشتە دادەخات، کە لە بنەڕەتدا فەرمان و پلانی ئەمەریکایە لە دژی ئێران، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم کورد و خەڵکی کوردستانە”.
باسی لەوەشکرد “بەنزین و گاز و غاز و سووتەمەنی چەند قات گران بووە، پێداویستی خەڵکی بە هەموو جۆرەکانییەوە گران بووە و کارەبا بووەتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتییانەوە و خەڵک دەناڵێنن بە دەست قورسی ژیانەوە، تەنها مەرزەکان مابوو کە هیوایەکیان بۆ ژیانی خەڵک تێدا بوو، بێگومان چەند هەزار هاوڵاتیی و خێزان ئیش و کاسبییان لەسەر ئەو مەرزانە بوو، هەمووی بێ ئیش دەمێننەوە”.
وتیشی “هەموو مەرزەکان دابخرێت، حزبی سۆسیالیست دینارێک زەرەر ناکات و هەموو بانکەکان دابخرێت، سۆسیالیست دۆلارێک زیان ناکات، بەڵام داخستنی مەرزەکان خەنجەرێکی ژەهراوییە لە عەموودی فەقەری هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەدرێت، بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات ئەم تاوانانە قبووڵ نەکەن، چونکە شتی خراپتر و چارەنووسسازتر بۆ کوردستان بەڕێوەیە”.
ب ح