مهودا میدیا-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی فیدراڵیی سێ هاوڵاتیی ئێرانییان دەستبەسەر کردووە کە پەیوەندییان بە رێژیمی ئێرانەوە هەیە، ئەمەش دوای بڕیارەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا هات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێگەی یاساییان وەک دانیشتووی هەمیشەیی لە ئەمهریکا.
نووسینگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا روونیکردەوە، سەید عیسا هاشمی و مریەم تەحماسبی و کوڕەکەیان ئێستا لەژێر دەستی کۆچبەری و گومرگی ئەمهریکادان و چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوەن.
پەیوەندییان بە بنەماڵەیەکی دیار لە رێژیمی ئێران ههیه
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا ئاماژەی بەوەدا کە عیسا هاشمی کوڕی مەسعود ئەبتەکارە کە لە میدیاکاندا بە “مریەم هاوارکەر” ناسراوە، کە وەک وتەبێژی ئەو خوێندکارانە ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا کە لە ساڵی 1979دا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لە تاران و بۆ ماوەی 444 رۆژ 52 ئەمهریکییان بە بارمتە گرت.
دواتر ئەبتەکار چەندین پۆستی باڵای لە رێژیمی ئێراندا هەبووە، لەوانە جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە ساڵی 2017 تا 2021
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاندووە، ئەو سێ کەسە لە رێگەی پرۆگرامی ڤیزەی کۆچبەرانی هەمەچەشنییەوە، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیییان بەدەستهێناوە، کە بەپێی ئەو بەرنامەیە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپى سهرۆكى ئهمهریكا پێدانی ڤیزەی نوێی راگرتووە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا ئاشکرایکرد، وەزیری دەرەوە هەفتەی رابردوو پێگەی یاسایی حەمیدە ئەفشار سولەیمانی، خوشکەزای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و کچەکەی هەڵوەشاندەوە و هەروەها خراونەتە ژێر دەستی بەرپرسانی کۆچبەری.
هەروەها ئیدارەی ئەمهریکا پێگەی یاسایی فاتمە ئەردەشیر لاریجانی کچی عەلی لاریجانی بەرپرسی دیاری ئێرانی و سەید کەلانتەر موتەمێدی هاوسەرەکەی هەڵوەشاندەوە و لە داهاتوودا هاتنە ناوهوهیان بۆ ئەمهریکا لێ قەدەغە کرا.
ع