چى رووده‌دات… واشنتۆن و تاران دڵنیانین له‌ دانوستانه‌كان

مه‌ودا میدیا-

له‌ ئێستادا ئاگربەستی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران لە مەترسیدایە، دوای ئەوەی واشنتۆن دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانیدا گرت کە هەوڵی پێشێلکردنی ئەو گەمارۆیەی دابوو کە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێنرابوو.

تاران بڕیاریداوه‌ تۆڵە بکاتەوە و رەتیکردەوە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەم کاتەدا دەستپێبکاتەوە، لەلایەکی تره‌وه‌، پاکستان کە میوانداریی دوایین خولی وتووێژەکانی کرد، هەوڵی زۆر دەدات بۆ گەڕانەوەی هەردوولا بۆ سەر مێزی دانوستان.

لە ئیسلام ئاباد چی روودەدات؟

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرزى ئه‌مه‌ریكى، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان شایەتی ئامادەکارییە ئەمنییەکانی بەرفراوان بووە و پێدەچێت پاکستان کە رۆڵی سەرەکی نێوەندگیری گێڕاوە، خۆی بۆ دانوستانەکان ئامادە بکات.

سەرچاوەیەکی حکومی و ئەمنیی به‌ ئاژانسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ى وتووه‌ “نزیکەی 20 هەزار کارمەندی پۆلیس و نیمچە سەربازیی و سوپا لە سەرتاسەری پایتەخت پاكستان جێگیرکراون”.

له‌ لایه‌كى ترته‌وه‌ کەناڵی سی ئێن ئێنى ئه‌مه‌ریكى بڵاویکردەوە “ئیسلام ئاباد خۆی بۆ دانوستانە ئاشتییە پێشبینیکراوەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران ئامادە دەکات و دوو هۆتێلی سەرەکی لە “ناوچەی سوور”ی شارەکەش لە چاوپێکەوتنی هاتنی شاندەکان لە میوانان پاککراونەتەوە”.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا جەی دی ڤانس و بەرپرسانی باڵای ترى ئەمه‌ریکا گەشت بکەن بۆ ئیسلام ئاباد، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە هیچ پلانێک بۆ دانوستان “لەم کاتەدا” نییە”.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، هاوپەیمانە ئەوروپییەکان کە چەندین جار لەلایەن دۆناڵد ترەمپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاوە رەخنەیان لێدەگیرێت بەهۆی ئەوەی هاوکارییان بۆ هەوڵە جەنگییەکانی نەکردووە، ترسیان هەیە تیمی دانوستانکاری ئەمه‌ریکا پاڵ بە رێککەوتنێکی خێرا و رووکەشەوە بنێت کە پێویستی بە چەند مانگێک یان ساڵانێک دانوستانەکانی دواتر لە رووی تەکنیکییەوە ئاڵۆز بێت.

هەڵوێستی ئەمه‌ریکا….

ئەمریکا هیوای خواستبوو بەر لە کۆتایی هاتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی، دانوستانەکان لە پاکستان دەستپێبکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایگەیاند “ئێوارەی رۆژی دووشەممە نێردراوەکانی دەگەنە ئیسلام ئاباد، ئەوەش رۆژێک پێش ئەوەی بڕیارە ئاگربەستەکە کۆتایی پێبێت”.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە “شاندەکەی ئەمه‌ریکا لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا جەی دی ڤانسەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر سەرکردایەتیی خولی یەکەمی دانوستانەکانی کردووە، هەروەها ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ترەمپ و جارێد کوشنەر زاوای ترەمپ لەخۆدەگرێت. بەڵام ترەمپ بە کەناڵی ABC News و MSN Now-ی راگەیاندووە، ڤانس بەشداری دانوستانە نوێیەکان نابێت”.

سوپای ئه‌مریکا ئاشکرایکرد “ئه‌و که‌شتییه بارهه‌ڵگره‌ی که ئاڵای ئێرانی له‌سه‌ر بووه‌ ، رۆژی یه‌کشه‌ممه له کاتێکدا به‌ره‌و به‌نده‌ری عه‌باسی ئێران رۆیشتووه ته‌قه‌یان کردووه ، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی شه‌ش کاتژمێر له پێکدادانێکدا روویدا و بزوێنه‌ری که شتییه‌که‌ی له کارکه‌وتووه”.

ترەمپ لە تویتێکدا نووسیویەتی “ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی تەواوی کەشتیەکەیانمان هەیە، پشکنین دەکەین کە چی لەناو کەشتییەکەدا هەیە”.

دوابەدوای ئەو رووداوە، ئێران دەستی کرد بە دەرکردنی بەیاننامە و دەربڕینی رەخنەی خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن لە دانوستان لەگەڵ ئەمه‌ریکا، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.

هەڵوێستی ئێران….

ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند “واشنتۆن نیشانی داوە کە “جدی نییە” لە بەدواداچوونی پرۆسەیەکی دیپلۆماسی و تاران گۆڕانکاریی لە داواکارییە روونەکانی ناکات”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان