مهودا میدیا-
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئیسرائیلی ئهمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە ئەمهریکا ئیسرائیل ئاگادار دەکاتەوە لە دانوستانەکان سەبارەت بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئێران و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵە ناکۆکیەکان.
ئەو سەرچاوەیە بە کەناڵی 12ی ئیسرائیلی راگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران لە میانی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئیسرائیل ئازادیی خۆی لە بەرانبەر هەڕەشەکان لە هەموو بەرەکان بە لوبنانەوە دەپارێزێت و سەرۆک ترامپ پشتیوانی خۆی بۆ ئەم پرەنسیپە دووپات کردەوە”.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا وتی “ترامپ روونیکردەوە کە پابەند دەبێت بە داواکارییە پتەوەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و لابردنی هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراو لە خاکی ئێران، جەختیشی کردەوە کە بەبێ جێبەجێکردنی ئەم دوو مەرجە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی واژۆ ناکات”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “سەرۆک وەزیران پێزانینی خۆی بۆ ترەمپ دووپاتکردەوە بۆ پابەندبوونی درێژخایەن و ناوازەی بە ئاسایشی ئیسرائیل”.
ئەم دوایین پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە لێدوانەکانی ترەمپ و راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمهریکا و ئێران لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە نزیکبوونەتەوە.
دوو بەرپرسی ئەمەریکا و ئێرانی مەزەندەیان کردووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا بڕیاری کۆتایی لەسەر رەشنووسی یاداشتەکە دەدرێت.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسرائیل تووشی دۆخێکی دڵەڕاوکێ بووە دوای لێدوانەکانی ترەمپ و ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمهریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی 13ی ئیسرائیل، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ناتانیاهۆ لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە دانوستانەکانی نێوان ئەمهریکا و ئێراندا بەدەست هاتوون، کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیی ئهنجام دهدات.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە کەناڵەکەی راگەیاندووە “ئەمە بۆ هەموو لایەنەکان لە رادەبەدەر نیگەرانییە لە ئیسرائیل”.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل بە وردی چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکات کە تایبەتن بەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە چاوەڕوان دەکرێت واژۆ بکرێت و نیگەرانە لە چەند بڕگەیەکی سەرەکی لە رەشنووسی رێککەوتنەکەدا، بەتایبەتی نەگرتنی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و شکستهێنانی لە رێگریکردن لە تاران لە بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی.
ع