هەرکەسێک پێشناوی ئایینی بەکاربهێنێت سزادەدرێت

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکانی وەک (شێخ، مەلا و سەید)ی لەسەر تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان بەتەواوی قەدەغە کرد.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان رایگەیاند “بەپێی پەیڕەوی ژمارە (15ی ساڵی 2022)، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی بۆ شوێن، کۆمپانیا و تابلۆ بازرگانییەکان بەبێ جیاوازی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بڕیارەکە سەرجەم شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و رێگری لە بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکان لەسەر تابلۆی دوکان و بازاڕەکان دەکرێت، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت و تۆمارکردنی فەرمی ئەو ناوانە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت کە بڕەکەی لە 100 هەزار دینارەوە تاوەکو یەک ملیۆن دینار دەستپێدەکات “.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەو شوێنانەی پێش دەرچوونی رێنماییەکە ناوی ئایینییان بەکارهێناوە و مۆڵەتی فەرمییان هەبووە، بڕیارەکە نایانگرێتەوە و هیچ رێکارێکی یاساییان بەرانبەر ناگیرێتەبەر، چونکە تۆمارکردنەکەیان پێش دەرچوونی پەیڕەو و یاساکە بووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان