مەودا میدیا-
بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە، رۆژی هەینی كە كۆتا رۆژی هەفتەی بازاڕەداراییەكانە، زێڕ لەسەر رێڕەوی دابەزین و لەدەستدانی زیاتری نرخەكەی بەردەوام بوو.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” هۆكاری زیاتر دابەزینی نرخی زێڕ بۆ پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەگەڕێتەوە، چونكە گرژییەكان وایانكرد نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ”.
وتیشی” هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە فشارەكانی هەڵاوسانی نرخ لە ئەمەریكا و جیهان زیادیكرد، كە ئەوەش ئەگەری بەرزكردنەوەی رێژەی سوودی بانكی لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە زیاتر كرد، هەربۆیەش بازرگانان پشت لە كڕینی زێڕ دەكەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” چوار مانگی لەسەر یەكی رابردوو نرخی زێڕ لە بازاڕەداراییەكاندا هیچ كاندڵێكی مانگانەی سەوزی تۆمار نەكردووە، ئێستاش كە لە مانگی پێنجەمداین هێشتا روون نییە كە كاندڵی ئەم مانگەش بۆ پێنجەم مانگ لەسەریەك سوور دەبێت یان رەنگی سەوزی بۆ دەگەڕێتەوە”.
ئ پ