مهودا میدیا-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی نهێنی و چەند هەفتەیی ئاشکرا کرد کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانە بەناو گەرووی هورمزدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی لەگەڵ ئێران پەرەی سەندووە.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیالی تروس رایگەیاندووە “فەرمانی بە سوپای ئەمهریکا کردووە ئەرکێکی ئاشکرا نەکراو ئەنجام بدەن بۆ پشتگیریکردنی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، ئۆپەراسیۆنەکە رێگەی بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 200 کەشتی بازرگانیی و گەیاندنی زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان داوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریایی لەلایەن ئەمهریکاوە لە گەرووەکەدا بووە، ئێران ئاگاداری چالاکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە نییە.
سەرۆکی ئەمهریکا هەروەها باسی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کرد کە تواناکانی هێزی دەریایی و راداری ئێرانیان کردۆتە ئامانج و ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن توانای تارانی بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە دەریاییەکانی ناوچەکە بە سەرکەوتوویی کەمکردووەتەوە.
ۆۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو قسانەی ترەمپ چەند هەفتەیەک دوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی ئەمهریکا هات کە بە ئاشکرا دانیان پێدانرابوو، کە ناوی لێنرا “ئازادی پرۆژە”، کە مانگی ئایاری رابردوو بۆ دەستەبەرکردنی کەشتیوانی لە کەنداو دەستیپێکرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پێدەچێت ئەمهریکا ئۆپەراسیۆنە ئاشکراکەی بە ئەرکێکی شاراوە گۆڕیبێت کە لە پشت پەردەوە بەردەوام بووە.
لە هەمان کاتدا، بلومبێرگ ئاماژەی بەوه کرد کە ژمارەیەک کەشتی بەبێ چالاککردنی سیستەمی بەدواداچوونی ئاسایی خۆیان لە ناوچەکەدا تێپەڕاندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرجار لە سیگناڵەکانی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیدا (AIS) پچڕان.
گەرووی هورمز یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی دەریایی جیهان، کە رێژەیەکی بەرچاو لە هەناردەکردنی نەوت و گاز لە جیهاندا تێیدا تێدەپەڕێت، بۆیە هەر پەککەوتنێکی گەشتیاری لەناو ئەودا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و ئابووری جیهانی دەبێت.
ع