مەودا میدیا-
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد رۆژانە نزیکەی 780 بوتڵ خوێن بە خۆرایی بۆ نەخۆشان دابین دەکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گواستنەوەی ڤایرۆس لە رێگەی خوێنەوە تۆمار نەکراوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم رایگەیاند “ساڵانە زیاتر لە 280 هەزار یەکەی خوێن بەسەر نەخۆشاندا دابەش دەکرێت، کە رۆژانە نزیکەی 780 بوتڵ خوێن دەکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەر بوتڵێک خوێن زیاتر لە 100 دۆلار تێچووی هەیە و حکومەتی هەرێم تەواوی تێچووەکەی گرتووەتە ئەستۆ و بە خۆرایی دەدرێتە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو “تەنها سەنتەرەکانی بانکی خوێن کە دامەزراوەی حکومین، مافی وەرگرتن و بەخشینی خوێنیان هەیە و خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گواستنەوەی نەخۆشی یان ڤایرۆس لە رێگەی خوێنەوە تۆمار نەکراوە”.
ب ح