مەودا میدیا-
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد بەمەبەستی داکۆکیکردن لە مافە پەروەردەییەکانی پێکهاتەکان و پاراستنی پڕۆسەی خوێندن، سەردانی وەزیری پەروەردەی حکومەتی عیراقی کردووە.
سروە محەمەد رەشید، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “بەدواداچوون ورد بۆ کەرتی پەروەردە کراوە لە قەزای خانەقین و ناحییەکانی دەوروبەری، سەردانەکەشی بۆ دوو مەبەست بووە کە ئەوانیش:
یەکەم/ چەسپاندنی خوێندنی کوردی لە خانەقین و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم خوێندنی کوردی لە قەزای خانەقین و ناحیەکانی دەوروبەری، لەم پێناوەشدا رەزامەندی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی عیراقی وەرگرتووە بۆ دانەخستنی قوتابخانە کوردییەکان لەو ناوچانە و دابینکردنی پشتگیری پێویست بۆ بەردەوامبوونیان”.
دووەم/ ڕێکخستنەوەی کارگێڕی خوێندنی کوردی لە دیالە: بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆ و رێکخستنەوەی میلاکاتی خوێندنی کوردی لەسەر ئاستی پارێزگای دیالە رەزامەندی وەزارەتی وەرگرتووە بۆ تەنسیبکردنی مامۆستا (زوھور) لە خانەقینەوە بۆ پارێزگای دیالە تاوەکو وەک سەرپەرشتیار ئەرکەکانی راپەڕێنێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم دەستکەوتە نوێیە هەنگاوێکی ترە لە چوارچێوەی ئەو خزمەتە بەردەوامانەی پێشکەش بە ناوچەکە و هاوڵاتیانی خۆشەویستی دەکات، هەمیشە بەردەوام دەبن لە پاراستنی شوناس و مافە رەواکانی گەلەکەمان لە تەواوی ناوچەکاندا”.
ب ح