مەودا میدیا-
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی ئاشکرایکرد لەمەودوا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشکردنی غازی ماڵان بە سیستمی فۆرمی خۆراک دەبێت نەک لەسەر بنەمای مەڵبەند چونکە زۆربەی خێزانەکان بەسەر بریکارەکانی خۆراک و گەڕەکەکاندا بەشێوەیەکی جیاواز دابەش بوون.
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند “دابەشکردنی غاز بەپێی سیستمی فۆڕم دەستپێدەکەنەوە و هەر خێزانێک بۆ وەرگرتنی غازی ماڵان بە نرخی حکومی، پێویستە فۆرمی بنەڕەتیی خۆراکی پێبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تاوەکو فۆڕمی بەتاڵ و مۆر نەکراو هەبێت غاز لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا دابەش دەکەن، دواتر دەستدەکەن بە پێدانی بتڵە غازی دووەم و سێیەم، بەپێی ئەو بەشە غازەی لە حکومەتی هەرێم و عیراق بەدەستیان دەگات ئیدارەی قەیرانەکە دەدەن”.
ب ح