مهودا میدیا-
عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان ئهمڕۆ دووشەممە بە سەردانێک کە تیایدا تیشک خرایە سەر هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ نێوەندگیریی لە نێوان ئێران و ئەمهریکا، گەیشتە تاران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانەكان وەستاون بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بە یاوەری موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان هاتنی مونیر بۆ پایتەختی ئێران راگەیاند. سوپای پاکستان رایگەیاند “سەردانەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتيی و سەقامگیريی ناوچەکە”.
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی پاکستانی رایگەیاندووە “مونیر هەفتەی رابردوو، چەند رۆژێک پێش سەفەرەکەی بۆ ئێران، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا قسەی کردووە”.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، واشنتۆن داوای لە ئیسلام ئاباد کردووە نفوزی خۆی لەگەڵ تاران سوود وەربگرێت بۆ یارمەتیدانی گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی دانوستان، دوو سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە ئەو پەیوەندییە لە لایەن سەرۆکی ئەمهریکاوە دەستیپێکردووە.
بڕیارە عاسم مونیر لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە نزیکەکانی سەرکردایەتی ئێران وتووێژ بکات، پێشبینیی دەکرێت گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان جێگەی سەرنجی سەردانەکە بێت.
پاکستان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نێوەندگیریی نێوان ئەمهریکا و ئێران و پێشتریش لە مانگی حوزەیراندا سهرپهرشتیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی کردبوو، پێش ئەوەی دانوستانەکان بە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان وەستان.
سەرچاوەیەکی پاکستانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە “قەیرانی متمانە لە هەردوولا هەیە، سەردانەکەی مونیر ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشایی بێمتمانەیی و یارمەتیدانی بوژاندنەوەی پرۆسەی دانوستانەکانە”.
ع