گەمارۆ راستەوخۆ و لاوەكیەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران چییە؟

مەودا میدیا-
دوای راگەیاندنەكەی سكۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا سەبارەت بە فراوانكردنی گەمارۆ لاوەكییەكانی وڵاتەكەی دژی ئێران، پرسیاری ئەوە درووست بووە كە ئایا ئەو گەمارۆیانە خۆی لە چیدا دەبێنێتەوە؟

بیسێنت رێوشوێنە نوێیەكانی بە “رۆژی سەركەوتنی ئابووری” وەسف كرد و رایگەیاند” واشنتۆن دەیەوێت پەیوەندییە داراییەكانی ئێران لە سەرانسەری جیهان بپچڕێنێت”.

هەروەها هۆشداریشی داوەتە وڵاتان لە بەردەوامبوون لە بازرگانیكردن لەگەڵ تاران، چونكە مەترسی ئەوە لەسەر كۆمپانیا گەورەكانیان درووست دەبێت كە نەتوانن بچنە ناو سیستەمی داراییەوە لەسەر بنەمای دۆلار.

بەگشتی سزا لاوەكییەكان چەند هەنگاوێك لەخۆ دەگرێت لەوانەش، زیادكردنی نزیكەی 60 كەس و لایەن و كەشتی بۆ لیستی سزاكانی ئەمەریكا، فراوانكردنی دەسەڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ بەئامانجكردنی ئەو كەسانەی كە لە هەریەك لە كەرتەكانی فڕۆكەوانی، سەروەت و سامانی دیجیتاڵی، زێڕ، كەشتیوانی و تەكنەلۆژیای ئێراندا كاردەكەن.
هاوكات سزای راستەوخۆ كە بە “گەمارۆ سەرەتاییەكان”یش ناودەبرێت، بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت كە ئەو یاسایانەن تاك و لایەنەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەمەریكا لە ئەنجامدانی هەندێك مامەڵە لەگەڵ وڵاتێك، دامەزراوەیەك، یان كەسێك كە لە لیستی سزاكاندا هاتووە، قەدەغە دەكەن تەنانەت ئەگەر لە ناو ئەمەریكاشدا بن.
بۆ نموونە ئەگەر كۆمپانیایەكی ئەمەریكی پارە بدات بە لایەنێكی سزادراوی ئێرانی، ئەوا پێشێلكردنی سزا راستەوخۆكانە، كە ئەم پێشێلكارییە دەكرێت ببێتە هۆی سزای مەدەنی یان تاوانكاری، جگە لە سزای گەورەی دارایی و تا داخستنی كۆمپانیاكەش.

لەلایەكی دیكەشەوە سزا لاوەكییەكان كەسانی بیانی و كۆمپانیا و بانكەكان دەكەنە ئامانج كە مامەڵە لەگەڵ لایەنێك دەكەن كە سزای راستەوخۆی بەسەردا سەپێنراوە، تەنانەت ئەگەر مامەڵەكە پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەمریكاشەوە نەبێت یان بە دۆلاری ئەمەریكی مامەڵە نەكات.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان