مەودا میدیا-
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد پرۆسەکە لەرووی ناوەڕۆکەوە ئەرێنییە، ئەگەر بە کردەیی جێبەجێ بکرێت، زۆر ئەرێنی تر دەبێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند “بە وریاییەوە چاودێریی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەکەن، ئەنکەرە خوازیارە ئەو هەنگاوانە کە پێویستن و داواکاریی ئەوانن جێبەجێ بکرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین خزمەتەکان بۆ بەهێزکردنی برایەتیی کورد و عەرەب لە سوریا و وا دەکات تەواوی سورییەکان بە بڕوابەخۆبوونەوە بڕواننە داهاتووی وڵاتەکەیان”.
ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە ناسنامەی کورد لە چوارچێوەی سوریا پارێزراوبێت و بەهیچ شێوەیەک نکۆڵی لە ناسنامەی کورد نەکرێت، هەروەها دەبێت سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزرێت، تورکیا دژی هەر هەوڵێکی جوداخوازییە لەو وڵاتە”.
ب ح