مەودا میدیا-
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی نەخۆشێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی شاری هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند “دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ژن تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت (ئەهلی) لە شاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون سەردان و بەدواداچوونی مەیدانی کرا، بە پێویستیان زانی بۆ رای گشتیی بڵاویبکەنەوە کە وا:
1– پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی کارکردنی نییە لەو نەخۆشخانەیە.
2- نەبوونی میلاکی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی رێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ کارکردنی لەم نەخۆشخانەیە.
3- ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاکەوتن بەبێ بوونی فریاکەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە.
4- لەبەنەبوونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لەسەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە بە فەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەریی لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە و بەبڕیار کارکردن تێیدا راگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بە رێگای تری نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای تری نافەرمی چوونەتە ژرەوە و کاریان کردووە.
5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەریی و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردووە و پابەند نەبوون، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی لە یاسای ژمارە (4ی ساڵی 2020) تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە (16 ساڵی 2022) تایبەت بە لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی هەواڵەی دادگا دەکات بۆ وەرگرتنی تێکاری یاسایی”.
ئەوەشی خستەڕوو “جارێکی تر رایدەگەیەنن کەوا پێویستە تەواوی نەخۆشخانەکانی ئەهلی و سەنتەر و کۆمەڵگاکانی پزیشکی کەرتی تایبەت پابەندبن بە کارکردن بەپێی بوونی مۆڵەتی بەرکار و پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بەفەرمی ناویان لە لیستی رێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستی هەبێت بۆ کارکردن لەو شوێنەی کاری تێدا دەکات”.
ب ح