ستران عەبدوڵڵا
خەڵاتی کوردستانی رۆژهەڵات بوو بۆ خەباتی باشوور، دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بوو بۆ حزبایەتیی رەسەن لە وڵاتەکەمان. تێکۆشەری دێرینی رێبازی دێرینی باڵی مەکتەبی سیاسی و زیندانی خۆڕاگری رەوتی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو کە لە وتارێکی کوردستانی نوێدا ناوی زیندانەکەی بەعسی نابوو زیندانی فایمەری هیتلەری. باسی کاک محەمەد مەنگوڕی، خۆڕاگری زیندان و پشوودرێژی کۆڕی خەباتی سیاسی کورد و کوردستان دەکەم.
تێکۆشەری باڵی مەکتەبی سیاسی هەر ئەوە نەبوو ناوی بۆندار و خۆشناوی جەلالیی هەبوو، بەڵکو یانی تێکۆشەرێکی وردەکاری ژیانی حزبایەتی و پرەنسیپەکانیی بوو. ئەسڵی ماڵجیاییەکە خۆ ماڵەباجێنە نەبوو، بەڵکو لەبەر خاتری حزبایەتیی مۆدێرن و لەوێوە هات کە هەڤاڵانی حزب پەیڕەویان لە ئوسوڵی حزبایەتی و نەریتە حزبییەکان دەکرد.
کاک محەمەد مەنگوڕی لە ئەسڵی نەوەی وردەکار و بە سەلیقەی فەرش چنینی حزبایەتی و سەبری ئینقیلابی بوو، تێکۆشەری حزب و قەڵەم بە دەستی ژینگەی فەرهەنگی حەفتاکانی هەولێر و بەغدا بوو. کاک دکتۆر ئەحمەد شەریف لە وتاری بەناو و ناوەڕۆکی (کۆچی دوایی رەهبەرێک) گەشاوەترین ژیاننامەی بۆ نووسییەوە کە شایانێتی (لاپەڕە191-197، لە کتێبی شرۆڤەی رووداوە مێژووییەکان). کاک جەمیل مەلا قەرە لە گەڕانەکانی بەدوای دەگمەنەکانی دەستنووس و ئەرشیفدا چەند پارچە شیعرێکی بڵاوکراوەی مەنگوڕی دۆزیوەتەوە و جارێکی تر بڵاویکردووەتەوە، لەبیرمە ئەو کاتەی کوردستانی نوێ، لە کابینەی هەولێردا، دراوسێی مەڵبەندی رێکخستنی هەولێر بوو، کاک مەنگوڕی چەند وتارێکی جوانی بۆ نووسین لەسەر ئەزموونی خۆی لە بەرخودانی زینداندا، ئەو زەمانەی کە پێش ئاوارەیی سی و یەکی ئاب بوو هاموشۆی دراوسێتیمان گەرموگوڕ بوو.
باشی هەرە باشی رۆژنامەگەری ئەوەیە دەرفەتی ناسین و خزمەتکردنی ئەم تەرزە لە تێکۆشەرە دەگمەنانەت بۆ دەڕەخسێنێ، مامۆستا مەنگوڕی بە بیانووی قەڵەم و ئەلەمی جاران سەردانی دەکردین. ئەمما بۆنەی وەبیرهاتنەوەی ئەو هەڤاڵە دێرینەمان ئەوە بوو کە لەگەڵ هەڤاڵ سەڵاح شێخ شەرەف پرسوجۆم دەکرد داخۆ لە تێکۆشەرانی قەدیم ناوی کێ بکەمە سەرناوی دیاری بۆ سپیارەی (حزبایەتی واتا کوردایەتی)؟ من چەند ناوم وت و شێخ دەستبەجێ کاک محەمەد مەنگوڕی بۆ پێشنیاز کردم. چەند پێشنیازێکی لەجێی خۆی بوو کە شریتی عومری یادگارییەکانیشی لەگەڵ خۆی هێنایە سەر پلێت. ئای فەرامۆشی کە چەند باش و زەریف ئازارانی جاران ساڕێژ دەکەیت و چەند خراپی کە مۆری بێوەفایی و لەبیرکردن لە ناوچاوانی قەرەباڵغیمان دەدەیت.
لە هێکڕا هاتمە سەر هێڵی بەسەرکردنەوە و وتم تا کتێب چاپ دەبێت با ئەم وتارە کورتەم بەرکوڵی وەبیرهێنانەوەی رێبوارێک لە رێبوارانی حزبایەتی شێنەیی و هەڤاڵانی سەرمایەی مەعنەوی خۆڕاگری بێت. وەبیرهێنانەوەی تێکۆشەرێکی پەریوەی باشوور بێت کە دوایی لە باشووریش پەریوەی دەرەوەی پایتەختی خەونەکانی کوردستان بوو. تێکۆشەرێک لە دیمەنی قیت و قۆزی جلکی رێکوپێکدا ئازار و ئەشکەنجەی زیندانی بەعس و بەرز و نزمی رۆژگارانی بێوەفای خۆماڵی دادەپۆشی. جا کاک مەنگوڕی وەک بڵێی تەنز و تەوسی بە ئازاری رۆژگار دێت بەرانبەری ناوی کتێبی ناونابوو (گوڵاڵەکانی رۆژگار)!
حەتمەن ئەهلی داستانی جوامێریی کوردەواری هەقیانە یادی هەمزە ئاغای مەنگوڕ بکەنەوە و ئەهلی نووسین و ئەدەبیاتیش گەشتی مەریخی میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی چاودێری بکەن. قەیچێکا با هەڵوەدایانی حزبایەتی رۆمانسییش یادگاری هەڤاڵ محەمەد مەنگوڕی بگەشێننەوە.
بەڵێ راستە (هەموو سمێڵ سوورێک هەمزە ئاغا نییە) و هەموو مەنگوڕییەکیش کتێب و چیرۆکی لەسەر نەنووسراوە، بەڵام خۆ ئەسڵ لە حزبایەتی؛ کۆڕی کوردایەتی رێکخستنی مەحکەم و تەزبیحی هۆنراوەی ئەرکەکانی خەباتە، کاری دەستەجەمعی و هەڤاڵێتی و ئەرکەکانە کە لەمەدا محەمەد مەنگوڕی، بە قەولی نووسەری (شرۆڤەی رووداوە مێژووییەکان)، (رەهبەرێک) بوو بۆ خۆی.
خ.غ