مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا ئاشکرایکرد وڵاتەکەی ئەو داوایەی دۆڕاندووە کە لە پاریس تۆماری کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار، کە بەهۆی پێشێلکارییەکان لە هێڵی بۆری نەوتی خاوی عیراق-تورکیا لە دژی ئەنکەرە تۆمارکرابوو.
دەنیز یاڤوز یڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) رایگەیاند “ئاکپارتی بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دادگای تێهەڵچونەوەی پاریس کەیسێکی گرنگی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە بۆری نەوتی خاوی عیراق-تورکیا دۆڕاندووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەغدا لە 13ی شوباتی 2023دا سکاڵای لەسەر هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی لەسەر ئەنکەرە لە دادگای ناوبژیوانی پاریس تۆمارکردبوو، لە بەرانبەردا دادگاکە بڕیاریدابوو کە لەنێوان 21ی ئایاری 2014 بۆ 30ی ئەیلولی 2018، نەوتی عیراق لە رێگەی هێڵی بۆری نەوتی خاوی عیراق-تورکیاوە بەبێ مۆڵەتی حکومەتی ناوەندیی بەشێوەیەکی نایاسایی گواستراوەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “دادگای پاریس بڕیاریداوە کە نەوتەکە بەشێوەیەکی نایاسایی گواستراوەتەوەو لە بەندەری جەیهان بارکراوە و بووەتەهۆی ئەوەی نەوتەکە بە نرخێکی کەمتر لە نرخی فرۆشتنی دەوڵەتی عیراق بفرۆشرێت؛ بەهۆی ئەم هۆکارانەشەوە بڕیاریدا کە پێویستە تورکیا بڕی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە عیراق”.
باسی لەوەشکرد”بڕیاری دادگای پاریس یەکلاکەرەوەیە و پێویستە ئەم بڕە پارە زەبەلاحەی سزاكە لە سەروەت و سامانی کەسیی سەرۆک کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەڕێوەبەرانی پەیوەندیدار وەربگیرێتەوە”.
ب ح