شەش حزبی کوردستانی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

ئەمڕۆ شەش حزبی کوردستانى بە مەبەستى گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنى بارودۆخى ئێستاى ناوچەکە و عیراق و کوردستان لە بارەگاى (بزووتنەوەى چاکسازیی نیشتمانى) لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

شەش حزبە کوردستانىییەکە رایانگەیاند “سەرکردایەتى سیاسیی هەرێمى کوردستان لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان کاریگەرىی لەسەر تەواوى ناوچەکە دروست کردبوو، سیاسەتێکى حەکیمانەی لەبارەی دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە شەڕ پیادەکرد”.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “جارێکی تر ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارانە دەکەن کە لەلایەن هەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو کرانەسەر هەرێمی کوردستان و بوونەهۆی شەهید وبرینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و هاوڵاتیی مەدەنی، سەرەڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان راشکاوانە هەڵوێستى بێلایەنانەى خۆى لەو شەڕەدا راگەیاندبوو”.

دەقی راگەیەندراوی هاوبەشی شەش حزبە کوردستانییەکە:

بەناوى خوداى گەورە و میهرەبان

ڕاگەیەندراوى کۆبونەوەى هاوبەشى شەش حزبی کوردستانی

بۆ راى گشتىی :

ئەمڕۆ چوارشەممە(2026/4/8) لە بارەگاى (بزووتنەوەى چاکسازیی نیشتمانى)لەشاری سلێمانی کۆبونەوەیەکى هاوبەشى نێوان شەش حزبی کوردستانى بەڕێوەچوو، بەمەبەستى گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنى بارودۆخى ئێستاى ناوچەکە و عێراق و کوردستان ،هەروەها هەماهەنگى و پەیوەندى دۆستانەى نێوان هەر شەش حزب گفتوگۆى لەبارەوە کرا و ئەم خاڵانەى خوارەوە راگەیەندرا :

1-لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا کە شەڕ و ئاڵۆزیەکان کاریگەرى لەسەر تەواوى ناوچەکە دروست کردبوو ،سەرکردایەتى سیاسی هەرێمى کوردستان توانى پیادەى سیاسەتێکى حەکیمانە بکات کە کوردستانى دورخستەوە لەهەر تێوەگلانێکى مەترسیدارى شەڕ ،
بۆیە ستایشى ئەو سیاسەتە دەکەین و پشتیوانى لێدەکەین .

2-سەرەڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان ڕاشکاوانە هەڵوێستى بێلایەنانەى خۆى لەو شەڕەدا ڕاگەیاندووە بەڵام لەلایەن هەندێک گروپی لەیاسا دەرچوو پەلامارى خەڵکى کوردستانیان داو کۆمەڵێک هاوڵاتى سڤیل و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون ئێمە جارێکى تر سەرکۆنەى ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دەکەین .

3-سەبارەت بە هەوڵەکانى ئاشتى و ئاگربەست لەناوچەکە خۆشحاڵى خۆمان دەردەبڕین و هیواى بەجێگەیاندنى ئاشتیەکى گشتگیر و هەمیشەیی دەخوازین .

4-پێویستە لەم قۆناغەدا پارت و لایەنە سیاسیە تێکۆشەرەکانى کوردستان یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن و ماڵى کورد یەکبخرێت بەشێوەیەک هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان لەژێر چەترێکى پیرۆزی نیشتمانیدا کۆبکرێنەوە ،بۆ ڕوبەڕو بونەوەى هەر ئەگەر و پێشهاتێکى نەخوازراو.

5-جەخت لە پێویستى چارەسەرکردنى کێشە و قەیرانەکانى هاوڵاتیانى کوردستان دەکەینەوە بەمەبەستى دەستەبەرکردنى ژیان و گوزەرانێکى شایستە.

6-لە تەوەرێکى ترى کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەربەهێزبونی پەیوەندى نێوان هەر شەش حزب و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێکرا هەروەها جەخت لەسەر پتەوبوونى پەیوەندیەکانی نێوان گشت لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کرایەوە بۆپاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمان .

ناوى حزبە بەشداربووەکان :
1-بزووتنەوەى ڕزگارى دیموکراتى کوردستان
2-بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان
3-حزبی پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان
4-پارتى سەوزى کوردستان
5-پارتى نەتەوەیی کوردستان
6-بزووتنەوەى چاکسازیی نیشتمانى

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان