مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تووندی رەخنەی لە تۆم باراک، نێردەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا و عیراق گرت و ئاشکرایکرد جوڵە سیاسییەکانی باراک دژی کورد بووە لە سوریا.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند “مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تۆم باراک لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتەکەی جۆلانی لە پاریس لەگەڵ نوێنەری ناتانیاهۆ کۆبوونەتەوە کە ئامانج لەم جوڵە سیاسییانەش دژی کورد بووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “جوڵە سیاسییەکانی باراک لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا تەنها رێوڕەسمێکی دیپلۆماسی نەبوون، بەڵکوو سەرەتای زنجیرەیەک پیلانگێڕی بوون دژی هاوڵاتییانی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەڵەب و رۆژئاوای کوردستان”.
ئەوەشی خستەڕوو “رۆڵی باراک، وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا نەک هەر یارمەتیدەر نەبووە بۆ سەقامگیریی بە پێچەوانەوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەسەلاتەکەی جۆلانی کردووە و بەشداربووە لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئەمنیی و سیاسیی لە سوریا”.
ب ح