مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان دراو و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیش رەزامەندی نیشاندا، پێویستە ئەو جیاوازییە کە پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “بەپێی یاسای ژمارە ( 9 ) خانەنشینی یەکگرتووی عیراق لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە ( 25٪ ) ، کە لەو رێژەیە حکومەت لە ( 15٪ ) ی دەدات و لە ( 10٪ ) لەسەر فەرمانبەرە، لەساڵانی رابردوودا پێش جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ( 9) حکومەتی هەرێم بە یاسا کۆنەکە تەنها لە ( 7٪ ) وەک لێبڕینی خانەنشینی لەفەرمانبەران بڕی بوو، کە بڕیاری جێبەجێکردنی یاساکە درا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیش رەزامەندی نیشاندا، پێویستە ئەو جیاوازییە کە پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بکرێت”.
1-بەو پێیەی هەموو خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم سوودمەند دەبن لە یاساکە، پێویستە هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییە کە بۆ ماوەی ( 10) ساڵ وەک قەرز هەژمار کرابوو بدەنەوە بە حکومەتی فیدراڵ کە بریتییە لە ( 3٪ ) .
2- لەسەر ئەم بابەتە تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆدا بوون بۆ دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی لە ( 3٪ ) یە، کە کۆنووسەکەیان هاوپێچە لە خوارەوە.
3-لەم بابەتەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور و نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەو پارەیەی لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو لە ( 3٪ ) یە بڕدراوە و بۆ هەر مانگێک زیاتر لە ( 26) ملیار دینارە ، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویست بوو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرایە بۆ سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی عیراق.
4- نەدەبووایە دکتۆر ڕێبوار ئۆباڵی ئەو کەمتەرخەمیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، ئەگەر بەڕێزیان مەبەستیانە دەتوانن سكاڵا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن لەدادگا، نەک هەروەک کردوویانە بە پیشە هەمیشە هەرێم تاوانبار بکات.
5- بۆ ئاگاداری جەنابی دکتۆر ڕێبوار وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ( 2025/6/3 ) ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە دابوو ، کە دەبووایە جەنابیان بێ ئاگا نەبوونایە هەروەک وانیشان دەدەن کە خەمخۆری مووچەخۆران و خانەنشینانن.
ب ح