هونەر؛ باڵیۆزی بێ سنوور

دێرین جەمال

هونەری گۆرانی و میوزیکی کوردی لە مێژووی ئەم نەتەوەیەدا تەنها ئامرازێکی کاتی بۆ کات بەسەربردن نەبووە، بەڵکوو ناسنامەیەکی زینددوو، ئەرشیفێکی نەتەوەیی و رەنگدانەوەی تەواوی ئازار و خۆشییەکانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە بووە.

لە وڵاتێکدا کە زۆرجار جۆگرافیا و سیاسەت لە گەیاندنی دەنگی راستەقینەی خۆی بێبەشیان کردووە، هونەر وەک باڵیۆزێکی کولتووریی بێ ‌‌سنوور رۆڵی گێڕاوە، ئاوازێکی کوردی توانیویەتی بەبێ پێویستی بە وەرگێڕان، پەیامی میهرەبانی، ستەملێکراوی و دەوڵەمەندیی رۆحیی ئەم گەلە بگەینێتە دڵی نەتەوەکانی دیکە و ئاسۆی فکری کۆمەڵگە بەرفراوانتر بکات.

ئەم رەهەندە رۆحی و کولتوورییە تەنانەت لە قووڵایی بەهای ئایینیشدا هەستی پێدەکرێت، ئاواز و میوزیکی کوردی بەشێکی دانەبڕاو بووە لە گوزارشتکردن لە عەشقی ئیلاهی و پاکبوونەوەی رۆح. زیکر و جۆش و خرۆشی دەنگی ئاوازە رۆحییەکانی ناو خانەقا و تەکییەکان، بەڵگەی کۆن و روون و ئاشکرای ئەوەن کە هونەر لە کەلەپووری ئێمەدا رێگەیەک بووە بۆ باڵابوونەوەی دەروون و نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، نەک رووکەشگەریی و بێسەنگی.

ئەو هونەرەی نەتەوە بەرەو پێش دەبات و دەبێتە هەوێنی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، هونەرێکە کە لە قووڵایی کولتوور و ئازارە راستەقینەکانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت، رەسەنایەتی دەپارێزێت و لە هەمان کاتدا داهێنانی سەردەمیانەی تێدا دەکات تا ئارەزووی هونەریی گشتی بەرەو باڵایی ببات، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا، سەرەڕای ئەو هەموو پێشكەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرە دیجیتاڵییە سەردەمییانە، کەچی هونەری کوردی تووشی داڕمانێکی جۆریی جدی بووەتەوە.

ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە لەبری ئەوەی خزمەت بە دەوڵەمەندکردنی ئاواز و دەق بکات، بووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی بێتوانایی دەنگ لە رێگەی بەرنامەی دەستکارییەوە و بازاڕگەریی و بەدواداچوونی بینەر و لایک لە سۆشیال میدیا، جێگەی بەهای ئەدەبی و هونەری گرتووەتەوە.

یەکێک لە دیارترین ئاماژەکانی ئەم دابەزینە، دەستکاریی بێ بنەما و شێواندنی شاکارە فۆلکلۆری و گۆرانییە کۆنەکانە. کاتێک بەبێ رۆشنبیرییەکی ئەدەبی و هونەری و بێ رەچاوکردنی چوارچێوەی ئەدەبی و مێژوویی و هەستیاریی دەقەکان، دەست بۆ دووبارە وتنەوەی ئەو بەرهەمە رەسەنانە دەبرێت، رۆح و رەسەنایەتیی بەرهەمەکە تێکدەچێت.

دەقێک کە بۆ باری دەروونی و پەیوەندییەکی تایبەت و قۆناغێکی دیاریکراو نووسراوە، ناکرێت بە بێباکی و بەبێ تێگەیشتن لە بەها ئەدەبییەکەی بووترێتەوە، چونکە ئەم جۆرە مامەڵە سەرپێییانە جگە لە زیانگەیاندن بە چێژی هونەریی گشتی و شێواندنی بیرەوەریی کولتوەریی نەتەوەیەک، هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، زۆرجار قەیرانی دارایی و نەبوونی پاڵپشتیی شایستە وەک پاساوێک بۆ بەرهەمهێنانی کاری کاڵوکرچ و بێ ‌ئاست دێتەوە ئاراوە، بەڵام مێژووی هونەری کوردی خۆی پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیەیە، ئەو گەورە هونەرمەندانەی لە سەدەی رابردوودا هاتنە نێو گۆڕەپانەکەوە، لەڕووی مادییەوە زۆر هەژار و کەمدەرامەت بوون، بەڵام لەڕووی رۆحی و هونەرییەوە بێئەندازە دەوڵەمەند بوون.

بەرهەمەکانی ئەوان تەنها بۆ سەردەمێکی دیاریکراو نەبوو، بەڵکوو نەوە لەدوای نەوە دەستاودەست دەکرێن و زیندوون و وەک ئەستێرەی گەشاوە و نەمر لە ئاسمانی هونەری کوردیدا دەدرەوشێنەوە. کێشەی ئەمڕۆ کەمیی بودجە یان شۆڕشی دیجیتاڵی نییە، بەڵکوو قەیرانی هۆشیاری و ونبوونی ئەو تێڕوانینە قووڵەیە کە هونەر وەک سەرمایەیەکی رەوشتی و نەتەوەیی دەبینێت، نەک کاڵایەکی بازاڕیی کاتی.

بۆ راگرتنی ئەم داڕمانە و پاراستنی هونەری رەسەنی کوردی لە ناشرینکردن، پێویستە دامەزراوەی ئەنجومەنی سەربەخۆی هەڵسەنگاندنی هونەری دابمەزرێتەوە تا رێگری لە ناشایستەیی بەرهەم بڵاوکردنەوە بکات، یاسای مافی خاوەندارێتیی فیکری بە توندی پەیڕەو بکرێت تا رێگە نەدرێت بەبێ زانیاری دەستکاری ئاواز و دەقە کۆنەکان بکرێت و میدیا و ناوەندەکانی پەروەردەش رۆڵی خۆیان لە ئاشناکردنەوەی نەوەی نوێ بە هونەری باڵا و شاکارە رەسەنەکان بگێڕن.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان