رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکرێت

مەودا میدیا-

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا دۆخێکی ناجێگیری لە بازاڕەکانی عیراق و هەرێمی کورستاندا دروستکرد و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، لە بەرانبەردا سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی هۆشداریی دەداتە فرۆشیاران و خاوەن مارکێتەکان.

بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند “بەشێک لە بازرگان و خاوەن مارکێتەکان هەستاون بە بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکان، بۆیە لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن کە نرخی کاڵاکانیان بەرزکردووەتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” ئەو کاڵا و پێداویستیانەی ئێستا لە کۆگاکاندایە و پێش بەرزبوونەوەی دۆلار هاوردە کراون، داوای وەسڵ لە خاوەن کۆگاکە دەکەن، ئەگەر نرخیان بەرزکردبێتەوە پسوڵەی سەرپێچیان بۆ دەکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو “سکاڵایەکی زۆریان بۆ هاتووە کە کۆگاکان کاڵاکان بە ژمارەیەکی کەم دەدەنە مارکێتەکان یان کاڵاکان هەناردەی بازاڕەکان ناکەن، ئەمە سەرپێچییە و ئە کۆگانە دادەخەن”.

باسی لەوەشکرد ” کێشەی کەمی خۆراک لە سلێمانی بوونی نییەو لیژنەکانیان سەردانی کۆگا و مارکێتەکان دەکەن و بەدواداچوون بۆ نرخەکان دەکەن، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لە کاتی بوونی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە رێگەی ژمارە مۆبایلی (07708677777) ئاگاداری لیژنەکانیان بکەنەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان