بەفر و بارانبارین دەستپێدەکات

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد رۆژانی 28ی تشرینی دووەم تاوەکو 5ی کانوونی یەکەم کەشێکی ناسەقامگیر عیراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرما و بەفر و بارانبارین دەستپێدەکات و کەشی وشک و بێبارانی کۆتایی دێت.

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “‏سەرچاوەی شێی ئەم شەپۆلە لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسییەوە دێت، لە ناوچەی دەریای سوور لەگەڵ شێی ئەو ناوچەیە تێکەڵ دەبێت، دواتر ئەم بارستە شێدارە باڵ دەکێشێت بۆ سەر وشکانی و دەگاتە ناوچەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بارستە هەوای ساردی باکوور یەکدەگرێت، هەوری چڕ و بارانبارینی بەخوڕ دروست دەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “‏لە 28ی تشرینی دووەمەوە ئاسمانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری شەپۆلێکی باران و بەفر، کاریگەریی سەرەکی لە رۆژی 28ی مانگەوە دەردەکەوێت، لە ناوچە سنوورییەکانی دهۆک و شاری هەولێر، دواتر بۆ رۆژی 29ی مانگ کاریگەرییەکەی فراوانتر دەبێت بۆ شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک، ‏لە ناوچە سنووری و شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت، و لە شارەکان و ناوچە نزمەکان باران دەبارێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “‏هاتنی ئەم شەپۆلە چەند رۆژێک لاواز دەبێت، بەڵام لە سەرەتای مانگی 12دا دووبارە چالاک دەبێتەوە و دەگاتە لووتکە، لەم ماوەیەدا ئاستی بارانبارین زۆر چالاک دەبێت و لە هەندێک ناوچە لافاو دروست دەبێت، ئەگەر بارستە هەوای ساردەکە زیاتر دابەزێت، ئەوا بەفربارین لە ناوچە سنووری و شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، پلەکانی گەرما زیاتر روو لە دابەزین دەکەن، ‏کاریگەری ئەم شەپۆلە و رێژەی بارانی زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی هەولێر و بەشێک لە شاری سلێمانیدا دەبێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان