مەودا میدیا-
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق كاردەكات بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا بۆ دامەزراندنی سندوقێك بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەش لە رێگەی قەرزی بانكی نێودەوڵەتییەوە پارەدار دەكرێت.
فازڵ عەباس، بەرپرسی بەشی پڕۆژەكان لە كۆمپانیای هێڵی ئاسنی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند “پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە ئێستادا لە قۆناغی ئامادەكردنی دیزایندایە كە ئامانج لێی پەرەپێدانی تۆڕی شەمەندەفەری عیراق و بەستنەوەی پارێزگاكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی سەرنشین و بارهەڵگرە، جگە لە ئامانجی سەرەكی گواستنەوەی كەلوپەل لە بەندەری فاو بۆ توركیا و دواتر بۆ ئەوروپا و بەپێچەوانەشەوە”.
وتیشی “لە ئێستادا كارەكان بەردەوامن بۆ كۆتاییهێنان بە رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا بۆ دامەزراندنی سندوقێك كە پارەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیا توركییەكانەوە لە بەرامبەر نەوتدا دابین دەكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد “پڕۆژەیەكی جیا هەیە كە تەواوكەری قۆناغی یەكەمی رێگای گەشەپێدانە، ئەم قۆناغەش بریتییە لە نوێكردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری ئێستا كە لە بەغداوە درێژدەبێتەوە بۆ بەسرە و ئوم قەسر لە باشوور و لە باكورەوە لە بەغداوە بۆ موسڵ، هاوكات بەستنەوەی هێڵەكە بە بەندەری فاو و سنووری توركیا لە فیشخابور لە باكوور”.
رونیشیكردەوە “ئەو پڕۆژەیە لە رێگەی قەرزی بانكی نێودەوڵەتییەوە پارەدار دەكرێت، كۆمپانیاكەش لە ئێستادا سەرقاڵی هێنانی هێڵی شەمەندەفەری بەغدا-عەكاشات-ە بۆ خزمەتكردن دوای نۆژەنكردنەوەی زۆربەی بەشەكانی هێڵەكە و ئاوەدانكردنەوەی ئەو پردانەی كە لەلایەن چەتەكانی تیرۆریستی داعشەوە وێرانكراون”.
ئ پ