مەودا میدیا-
تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی یەك ئۆنسە زێڕ نزیك 400 دۆلار دابەزیوە و هێشتاش بەردەوامە لە دابەزین.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان لە بارەی هۆكاری دابەزینی نرخی زێڕ بە مەودا میدیای راگەیاند” دوو هۆكاری سەرەكی وایانكردووە كە نرخی زێڕ بەو شێوەیە دابەزێت، كە ئەوانیش بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و هەڵاوسانە لە ئەمەریكا”.
وتیشی” هەركاتێك رێژەی هەڵاوسان زیاد بكات، ئەوا بانكەكانی جیهان بە تایبەتیش بانكی ناوەندی ئەمەریكا رێژەی سوود بەرز دەكاتەوە، ئەوەش وا دەكات كە بە های دۆلار بەرزببێتەوە و هاوڵاتییانیش پارەكانیان لە بانكەكاندا بهێڵنەوە و بیر لە كڕینی زێڕ نەكەنەوە، بۆیە لەو كاتەدا نرخی ئەو كانزایە دادەبەزێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”ئەگەر هەفتەی داهاتوو دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و شەڕی ئێران و ئەمەریكا درێژە بكێشێت ئەو دوور نییە نرخی زێڕ لەو نرخی ئێشتاش زۆر زیاتر دابەزێت”.
دابەزینی نرخی زێڕ لە كاتێكدایە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهانی بەرزبووەوە بۆ سەروو 5,400 دۆلار، بەڵام دواتر دەستی بە دابەزین كرد و رۆژینی هەینیش پێش داخستی بازاڕەكان نرخی ئۆنسەیەك زێڕ دابەزی بۆ 5,018 دۆلار.
ئ پ