فازل میرانی: لێدوانی ناپێویست دەتوانێت دۆخی ناوخۆ ئاڵۆزتر بکات

مەودا میدیا-

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد لێدوانی ناپێویست و نەگونجاوی سیاسی دەتوانێت دۆخی ناوخۆ ئاڵۆزتر بکات و زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی بگەیەنێت.

فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند “سیاسییەکان پێویستە پێش لێدوان، کاریگەری و دەرئەنجامەکانی قسەکانیان هەڵبسەنگێنن، وتاری هاوسەنگ و سیاسەتی نەرم باشترە لە هەڵوێستی تووند کە دواتر کشانەوە لێی قورس بێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هیچ بەرپرسێک نابێت خۆی لە سەرووی لێپرسینەوە ببینێت، خەڵک و دامەزراوەکان مافی پرسیارکردنیان هەیە، سیاسییەک دەبێت هونەری ئاخاوتن و زانستی سیاسەت بزانێت و بەرژەوەندیی وڵات بخاتە پێشەوە، لێدوانی خاوەن بڕیارەکان بە وردی چاودێری دەکرێت و دەتوانێت کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکبدات”.

ئەوەشی خستەڕوو “قسە و بڕیارە سیاسییەکان دەتوانن چارەنووسی گەل و دەوڵەت کاریگەر بکەن، بۆیە نابێت بە سووکایەتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، زۆرێک لە زیان و بەرەنگارییەکان لە نەبوونی دانایی و لێهاتوویی لە کارگێڕی و بڕیاردانەوە سەرچاوە دەگرن، نەسازی و دژایەتیی هۆشیارانە کاتێک رەوایە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی و ئارامیی کۆمەڵگا بێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان