مەودا میدیا
وەزیری نەوتی عیراق ئاشکرایکرد لە دوو مانگی رابردوودا توانیویەتی هەندێک لە پەمپەکانی وێستگەی ستراتیژییەکانیان نۆژەنکردووەتەوە، ئەمەش رێگە دەدات نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە لە رۆژێکدا بۆ پاڵاوگەکانی باکوور پەمپ بکرێت، بە مەرجێک بڕێکی هاوشێوە لە نەوتی کەرکوک لە رێگەی هێڵی بۆری عیراق-تورکیاوە هەناردە بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند “بوۆری نەوتی کەرکوک-جەیهان دەخەنەوەکار و پێویستییان بە بۆرییەکەی هەرێمی کوردستان نییە و کێڵگەکانی کەرکوک لەئێستادا بە ئەوپەڕی توانای خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی نەوتی پێویست بۆ پاڵاوگەکانی باکوور”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هێڵی بۆری عیراق-تورکیا بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوک، توانای 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلی هەیە لە رۆژێکدا، لەئێستادا لەژێر پشکنین و نۆژەنکردنەوەی کۆتاییدایە، تەنها نزیکەی 100 کیلۆمەتری ماوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی (هایدرۆستاتیکی) لە ماوەی هەفتەیەکدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێشتر عیراق رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرد، بەڵام بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، وەزارەتی نەوتی ناچار کردووە بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان کەم بکاتەوە، بە جۆرێک بەرهەمهێنانی ئێستا لە نێوان یەک ملیۆن نیو بۆ یەک ملیۆن 600 هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبا”.
ب ح