نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت” بەرپرسیاریەتیی حكومەتی فیدراڵیی عیراقە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری قوربانییان بكاتەوە”.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
ئەمڕۆ یادی بەئازاری (٣٨) ساڵەی شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفالی ١٩٨٨ دەكەینەوە، ئەو تاوانە سامناكەی رژێمی پێشووی عیراق ئەنجامی دا كە زیاتر لە ١٨٢ هەزار منداڵ، ئافرەت، پیاو و گەنجی بێتاوانی كوردستانی، تیایدا بوونە قوربانی. ئەنفال تەنیا تاوانێك نەبوو، بەڵكو هەوڵی نەزۆكی سڕینەوەی تەواوی گەلێكی ئاشتیخواز بوو كە برینەكانی تا ئێستاش لە جەستەی نیشتماندا ماون.
لەم یادەدا، سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدان دادەنوێنین و سڵاوی ئەمەكداری بۆ بنەماڵە و كەسوكاری خۆڕاگریان دەنێرین. بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، دووپاتی دەكەینەوە كە بەرپرسیاریەتیی حكومەتی فیدراڵیی عیراقە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری قوربانییان بكاتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەنفال وەك جینۆساید بناسرێت. وەك ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانی، لە پرۆسەی بەدواداگەڕان و گێڕانەوەی روفاتی پیرۆزی شەهیدان بۆ باوەشی نیشتمان درێخی ناكەین و هەرچی لە توانادا بێت دەبێ خزمەتی زیاتر بە كەسوكاری ئەنفالكراوان بكرێت.
لەم یادەدا، جەخت دەكەینەوە كە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانمان، تەنیا بە تەبایی و كاری هاوبەشی تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان دەبێت. ئەمە گەورەترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان و گەرەنتیی داهاتوویەكی باشترە بۆ نەوەكانمان كە بە ئومێدەوە لێی دەڕوانین.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی كوردستان
ئ پ