رێبوار کەریم وەلی: یەکێتی چۆنی بیەوێ تەقڵە بە پارتی لێدەدات

مەودا میدیا-

چوادێریکی سیاسیی ئاشکرایکرد بە دیاریکراوی لە نۆ ساڵی رابردوودا، موبالەغە نییە ئەگەر بگوترێت، پارتی نە بۆ ناوخۆی خۆی و نە بۆ دەرەوەی خۆی یەک بڕیاری دروستی نەداوە.

رێبوار کەریم وەلی، چاودێری سیاسیی رایگەیاند “غرور، خۆبەزلزانی و تاکڕەوییە بەردەوامەکانی پارتی وایکرد کە بە تەنها بمێنێتەوە، چ لە بەغدا و چ لە کوردستان، پارتی تووشی سەرلێشێواوی و قەیرانێکی قوڵ بووە و فاکتەری ململانێی ناوخۆییش وایکردووە نەتوانێ بەردەمی خۆی ببینێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “جاران یەکێتی لە سیاسەتدا، نانی بە نرخی رۆژ دەخوارد، کەچی ئێستا لە کوێ و چۆنی بیەوێ تەقڵە بە پارتی لێدەدات، کۆدەکانی پارتییان دۆزیوەتەوە و لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەوەی گوتبیان کردوویانە”.

ئەوەشی خستەڕوو “پارتی بۆ داپۆشینی قەیرانی ناوخۆیی خۆی شەو و رۆژ خەریکی دوژمنتاشینە بۆ خۆی و خۆشی پێ مەرجەعی میللەتی کوردە و داوا دەکات کە خەڵکی کوردستان باجی هەڵەکانی ئەو بدەن. بارزانیی باوک هەرچی وزە و تینی حزب و بنەماڵەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، کردووەتە قوربانیی مانەوەی کوڕەکەی لە دەستەڵاتدا”.

باسی لەوەشکرد “لە دوایین روبەڕووبوونەوەی پارتی و یەکێتیدا، یەکێتی سەرۆک کۆماری دیاریکرد و بەوەش پەردەی لەسەر هاوپەیمانییەکی تازە لادا، بافڵ تاڵەبانی ئێستا بووەتە راوچیی هاوپەیمانە ناوخۆیی دەرەکییەکانی پارتی، لە کاتێکدا کە هێشتا حزبەکەی هاوپەیمانی سەرەکیی شیعەیە، دەرگای هاوپەیمانیی لەگەڵ عەرەبی سوننەش(حەلبوسی)کردەوە و قەرارە پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش بۆ چەند مانگێک بدات بە بەرەی تورکمانی و ئینجا بەوەش لە تورکیاش نزیک بێتەوە(کە دەگوترێ بڕیارە بافڵ تاڵەبانی هەفتەی داهاتوو سەردانی تورکیا بکات)”.

وتیشی “پارتی ئێستا لەبەردەم بڕیاڕێکی چارەنوسسازدایە، بە کشانەوەی پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق هیچ روونادات، بە تەنها تەمسیلی کورد ناکات و حزبی تریش لە بەغدان، بۆیە بڕیاری چارەنووسساز ئەوەیە کە بۆ عەقڵ و مەنتق بگەڕێتەوە، سەرۆکی پارتی دەستبەرداری ئەو عینادییە لەسەر کوڕەکەی بێت و پۆستێکی بۆ بدۆزێتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان