ژمارەیەک لە چالاکوانان هۆشداریی دەدەنە حکومەت

مەودا میدیا-

ژمارەیەک چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکردووە لە کاتێکدا دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتییان گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت و ستەمی دەسەڵات سنوورەکانی بەزاندووە، ئیتر کاری هاوبەش و یەکخستنی ریزەکانیان دەبنە پێویستییەکی هەنووکەیی و ئەرکێکی نیشتمانی.

چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی لە هەرێمی کوردستان رایانگەیاند ” لە رۆژانی رابردوودا بە کرداریی دەستیان بە دیدار و گفتوگۆ کرد، سەردانی بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسێۆنەکان و کەسایەتییە جیاوازەکانیان کردووە و تائێستا هەنگاوەکان دڵخۆشکەرن و بەدەنگەوەهاتنێکی باش هەیە”.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “بڕوای تەواویان هەیە، کە ئازارەکانی خەڵک و هەڕەشەکانی قۆناغەکە، لە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکان گەورەترن، هاوکات یەکگرتنی ریزەکانی ئۆپۆزسێۆن و ناڕازییەکان لەژێر چەتری بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیاندا، بە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان و نەمانی رەخنە نییە، بەڵکو بڕیارێکی بەرپەرسیارانەیە بەرانبەر مێژوو و ئێستا و دواڕۆژی ئەم گەلە”.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو “لەم سۆنگەیەوە، پشتیوانیی رەوەندی کوردی، مامۆستایانی ئاینی، میدیاکاران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە هێزێکی مەزن دەزانن، تا ببنە هاندەر و بەشێکی کاریگەر لە سەرخستنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و داواکارن هەمووان دەست لە دەستی یەک بنێن و خاڵە هاوبەشەکانیان بنەمای پێکەوەبوونیان بن، لەپێناو رزگاربوون لەم دۆخە و گەڕاندنەوەی هیوا و متمانە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان