دێرین جەمال
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، سۆشیال میدیا بووەتە هۆی گواستنەوەی خێرای زانیارییەکان، بەڵام هاوكات دیاردەیەکی مەترسیداری هێناوەتە ئاراوە کە ئەویش بڵاوکردنەوەی دیمەن، وتەی نەشیاو و یەکلانەبووەوەیە پێش چاوەڕوانکردنی بڕیاری کۆتایی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، دادگاکان و زانایانی ئایینییەوە. کاتێک بابەتێک هێشتا لایەنی یاسایی و فەرمییەکەی یەکلا نەبووەتەوە و دەخرێتە بەردەم رای گشتی، زیانە گەورەکە بەر جەستەی کۆمەڵگە دەکەوێت، نەک تەنها ئەو کەسەی کە کراوەتە ئامانج.
لێکەوتە و زیانە گشتییەکانی ئەم دیاردەیە بۆ سەر کۆمەڵگە
گواستنەوەی لێشاوی ئەم جۆرە دیمەنە ناڕوونانە و سازکردنی بەرنامە لەسەر گومانەکان، چەندین زیانی گەورەی بەکۆمەڵ بەدوای خۆیدا دەهێنێت:
یەکەم: تێکچوونی باری دەروونیی گشتی، چونکە کاتێک گومانەکان وەک حەقیقەت لە قەڵەم دەدرێن، دڵەڕاوکێ و رەشبینی لەناو تاکەکاندا بڵاودەبێتەوە و فەزای گشتی دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی بەدگومانیی بەردەوام.
دووەم: داڕمانی متمانە بە پیرۆزییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، چونکە زانکۆکان بەرزترین پێگەی زانستین و پیرۆزییەکانی ئایین و زانایانیش پایەی رەوشتی کۆمەڵگەن، دروستکردنی لێشاوێک لە گومان لە دەوری ئەم ناوەندانە، متمانەی گشتی بە بەها باڵاکان لەرزۆک دەکات.
سێیەم: بێڕێزیکردن بە خێزانەکان، چونکە کاتێک حورمەتی ناوماڵەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕوونەوە دەبەزێنرێت، چەمکی پاراستنی کەرامەتی خێزانی لەناودەچێت.
چوارەم: بڵاوبوونەوەی زمانی نەشیاو لەناو منداڵاندا، چونکە لەم سەردەمەدا کە مۆبایل و تابلێت لەبەردەستی هەموواندایە، گۆڕینی ئەم دیمەن و وتە نەشیاوانە بۆ نوکتە و تەنز وایکردووە چەمکە ناشرینەکان ببنە بەشێک لە زمانی رۆژانەی گەورە و منداڵ، ئەمەش داڕمانێکی گەورەی پەروەردەییە.
سەروەریی یاسا و پرەنسیپی بێتاوانی: چارەسەری بنەڕەتی
لێرەدا دەبێت خاڵێکی جەوهەری روونبکەینەوە، هەرچەندە ئەو کار و رەفتارانەی لە ڤیدیۆکاندا دەبینرێن کارگەلی نەشیاو و ناشرین و دژ بە بەهاکانی کۆمەڵگەشبن، بەڵام ئەمە پاساو نادات بە میدیا و هاوڵاتییان کە پێش یاسا و دادگاکان بکەون. کاتێک کەسێک وەک کارەکتەری بەناو تۆمەتێک یان رووداوێک دەردەکەوێت، هیچ لایەنێک بۆی نییە پێشوەختە حوکمی تاوانباربوونی بەسەردا بدات. دادگاییکردنی خەڵک لەسەر سۆشیال میدیا و پێشڕەویکردن لە یاسا، خۆی لە خۆیدا سەرپێچییەکی گەورەیە و دەرگای پشێوییەک دەکاتەوە کە تیایدا بێتاوان و تاوانبار تێکەڵ دەبن، پێویستە هەمووان بزانن کە سەلماندنی تاوان و سزادانی تەنها و تەنها مافی دەسەڵاتی دادوەرییە، نەک لایک و کۆمێنتی پلاتفۆرمەکان.
بۆ کۆتاییهێنان بەم پشێوییە، پێویستە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بە تووندی بەسەر سەرپێچیکاراندا جێبەجێ بکرێت و سزای دارایی و یاسایی قورسی ئەو پەیج و میدیا نابەرپرسیارانەی کە پێش بڕیاری فەرمیی دادگا دەکەون، بدرێت.
گرتەیەکی ناڕوون بۆ مەرامی کۆکردنەوەی بینەر بڵاودەکەنەوە. کاتێک یاسا دەبێتە مەرجەعی یەکەم و کۆتایی، هاوڵاتی کاتێک دەبینێت دەزگا ئەمنییەکان و دادگاکان بە شێوازێکی زانستی راستییەکان دەردەخەن، متمانە و هەستی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.
پاراستنی رەوشت، متمانە و باری دەروونیی کۆمەڵگە، پێویستی بە هۆشیاریی گشتی و سەروەریی تووندی یاسا هەیە. پێویستە کاتێک لێشاوێک لە گومان بڵاودەبێتەوە، کەمێک بووەستین، مەودا بدەین بە دەزگا فەرمییەکان بۆ لێکۆڵینەوە و هەمووان فێربین کە حەقیقەت تەنها لە دەرگای دادگا و ناوەندە شەرعییەکانەوە دەردەکەوێت، نەک لە پشت شاشەی مۆبایلەکانەوە.
خ.غ