مەودا میدیا-
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئاشکرایکرد داوا لە حکومەتی عیراق دەکەن هەڵوێست و کاردانەوەی جددی هەبێت و هەنگاوی یاسایی و راشکاوانە بنێت بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند “رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی و سەربازییەکانی لە ماوهی شهڕی 39 رۆژهی لهگهڵ ئهمەریکا و ئیسرائیل، بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکانی لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ماوەی ئاگربەستدا بۆردومان کردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەم تاوانانە بێدەنگن و پشتگوێخستنی ئەرکە مرۆییەکانیان، دەستی رژێمی تارانی بۆ دەستدرێژی و تیرۆری زیاتر ئاوەڵاترکردووه، بۆیە داوا دەکەن ئەم هێرشانە وەک تاوانی جەنگ و تیرۆری نێودەوڵەتیی رابگیرێن و تۆمار بکرێن”.
دەقی راگەیاندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی و سەربازیی و ستراتیژیی و ئایدۆلۆژییەکانی لە ماوهی شهڕی ٣٩ ڕۆژهی لهگهڵ ئهمریکا و ئیسرائیلدا، بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کامپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی خاوخێزانی کادر و پێشمەرگەکانیان لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ماوەی ئاگربەسی ئێستاشدا ئەو هێرشانە هەر درێژەیان بووە.
لە نوێترینی ئەو هێرشانەشدا کە رۆژی ڕابردوو 28ی خاکەلێوەی 1405(17ی نیسانی 2026) بە مووشەک و درۆن هێرش کرایە سەر کامپە مەدەنییەکان و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران؛ مخابن سێ پێشمەرگە و تێکۆشەری ڕێگای ئازادیی ئەم حزبە بە ناوەکانی شاهین ئازەربەرزین، نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید بوون و دوو پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندارن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش جگە لە بنکە و بارەگای حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانیان، بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان کە بەداخەوە ئەو هێرشانەش ١١ شەهید و قوربانیی لێ کەوتبووەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنەوەی توندی ئەم تاوانە و سهرجهم هێرشه تێرۆریستییهکانی کۆماری ئیسلامی بۆسهر تێکۆشهرانی ڕۆژههڵات و شههیدکرانی ١٠ ڕۆڵهی تێکۆشهری، حزبهکانی ئهندامی هاوپهیمانیی ڕایدەگەیەنێت:
1- ڕوو لە حکوومەتی عێراق دەکەین و ڕایدەگەیەنین پێویستە هەڵوێست و کاردانەوەی جدییان هەبێ و هەنگاوی بەکردەوە، یاسایی و ڕاشکاوانە بنێن بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە، پاراستنی سەروەریی خاک و گیانی نیشتەجێبووانی هەرێم، ئەرکێکی دەستوورییە، بەتایبەت کە ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان دوو وڵاتی پێشێل کردووە.
2-ڕەخنەی توند لە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرین و پێمان وایە بێدەنگی و پاسیڤبوونی ئەوان لە بەرامبەر ئەم تاوانە جەنگییانە و پشتگوێخستنی ئەرکە مرۆییەکانیان، دەستی ڕژێمی تارانی بۆ دەستدرێژی و تیرۆری زیاتر ئاوەڵاتر کردووه، بۆیە داوا دەکەین و پێویستیشە ئەم هێرشانە وەک تاوانی جەنگ و تیرۆری نێودەوڵەتی لەقاو بدرێن، تۆمار بکرێن و هەڵوێستیان لە سەر بگیرێ.
3- بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی ساتوسەودای وڵاتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەگرین و پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرینەوە، کە ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرە ئەمنییەت و سەقامگیریی هەموو جیهانی بە بارمتە گرتووە و هەموو کاتێک دانوستان و سازان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ کڕینی کات و بردنەپێشی ئامانجەکانی قۆستووەتەوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەی خێرای هەبێ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە سازان لەگەڵ تاران چیدی دەستی ڕژێم بۆ بەردەوامیی تیرۆر و کوشتار ئاوەڵاتر نەکات.
4-داوا لە هەموو کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات دەکەین، بە پلان و بەرنامەی تۆکمە، به ڕێکخستنی ئاکسیۆن و ڕێپێوانی هێمنانە و بەشێوەی بەردەوام بێنە سەر شەقامەکان و بە کۆبوونەوە لە بەردەم باڵوێزخانە و کۆنسووڵگەرییەکانی ڕژێم و ناوەندەکانی بڕیار، دەنگی بێزاری نەتەوەکەمان بەرز بکەنەوە.
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی هێزه سیاسییهکانی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە دۆست و دوژمن دڵنیا دەکاتەوە ئەم هێرشانە و گیانبەختکردن و قوربانیدانی هێزەکانمان نەک هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵکو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕزگاری کوردستان و ڕووخانی ئەم ڕژێمە و سووربوونمان لەسەر بەردەوامیی خەباتەکەمان قایمتر دەکات.
نەمری بۆ شەهیدان و سەرکەوتن بۆ ڕێگای ئازادی.
ب ح