مەودا میدیا-
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشکرایکرد درێژەدان بە هەبوونی گەلێک، راستەوخۆ گرێدراوە بە هێزی گۆڕانکاریی بەپێی سەردەم، هەر بونیادێکی کۆمەڵایەتی کە نەتوانێت دینامیکی ناوخۆیی خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک بنیاتی بنێتەوە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند “گەلی کورد بەهۆی سیاسەتی نکۆڵی و لە ناوبردن و فشارەوە کە ساڵانێکە بەردەوامە، بێبەشبووە لە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە بەشێوەیەکی سرووشتی، پرسی سەرەکی بەردەم کورد لە ئێستادا ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی کوردی چۆن دەگاتە ئاستی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کورد بە مێژوو و زمان و کەلتوور و شێوەگرتنە کۆمەڵایەتییەکەی، راستینەیەکە و کاتێک لە بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و تەندروستی و کلتووری، توانی پێشەنگایەتی خۆی بکات، ئیتر دەتوانێ درێژە بەم راستینەیەی بدات، ئەمەش تەنها بە رێکخستنێکی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتەدی”.
ئەوەشی خستەڕوو “کورد، ناچارن بونیادی نوێی خۆیان، نەک تەنها بەرانبەر دەرەوە، بەڵکو لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، بەپێی ئەم بنەما دیموکراتیکییانە دابڕێژنەوە، پێویستە لە پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکاندا، چارەسەری دیموکراتیک و دانووستان بەبنەما بگرن، لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، لە بری توندوتیژیی، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا بەبنەما بگرین، رێگەی یەکێتی دیموکراتیک، بە دانووستانی دیموکراتیکدا تێدەپەڕێت”.
باسی لەوەشکرد “پرسی یەکێتی یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی گەلی کوردە، بۆیە یەکێتیی دیموکراتیک، ناچارییەکی مێژووییە، بۆ دەرکەوتنی عەقڵ و ئیرادەی هاوبەش، بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی دیموکراتیکی بەرفراوان، بەرپرسیارێتییەکی هەنوکەییە، کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین و ڕێگەی دانوستانی دیموکراتیک دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە بۆ پرسە نێوخۆییەکانیش هەمان ڕێباز پەیڕەو بکەن”.
وتیشی “بنیاتنانی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی کە شەڕە نێوخۆییەکانی تێپەڕاندووە، پشت بە رێزگرتنی هاوبەشی لایەنەکان دەبەستێت، رێی تێدەچێت، ئەمەش پێویستی بەوەیە، لە هەموو بوارەکاندا، بنەما دیموکراتیکەکان بە بنەما بگیرێت، ئەرکی سەرەکیی ئەم قۆناغە ئەوەیە، هەنگاو بە هەنگاو ئەم زیهنیەتە لە پێکهاتە سیاسییەکان و تەواوی کۆمەڵگەدا هەڵبوەشێننەوە”.
ب ح